گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

پارتی نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کرد.. مەرجی هەیە

2021.03.18 - 17:13
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کرد.. مەرجی هەیە

ناس کورد-

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق نامەیەكی لە بارەی یاسای دادگای فیدراڵییەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد و مەرجەکانی خۆی بۆ دەنگدان بە یاساکە ڕاگەیاند.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە نامەکەدا کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 18ی ئازاری 2021) ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، فراکسیۆنی پارتی داوایکردووە، پره‌نسیپی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و تەوافقی جیبەجێبکرێت لە پەسندكردنی ھەمواری یاسای دادگای باڵای ئیتیحادی، هەروەها چەسپاندنی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان بەپێی بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی.

 

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، "كورد ھاوبەشی راستەقینەن لە عێراقدا و مێژووی سەلمێنەری ئەوەیە کە كورد ھۆكاری سەقامگیری نیشتیمانی بوونە و ناكرێت سیاسەتی فەرامۆشكردن و پەراوێزكردن پەیڕەو بكرێت، چونكە ئەوە خزمەت بە بەرژەوەندی عێراقییەكان ناكات."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێمە بە بیری ھاوبەشانمان لە نیشتیماندا دەھێنینەوە، دەستور بنەمای بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئازادە و ھاوسەنگیی نیشتیمانی بە سەپاندنی ئیرادەكان نابێت و لەوانەیە بەرەو داڕمانی ببات".

 

جەختیشیکردووەتەوە، " ئێمە داوا دەكەین مافەكانمان دابین بكرێن و دروستكردن و پێكھاتنی دادگا بە كۆدەنگی دادوەرە بنەڕەتییەكان بێت و بەپێچەوانەشەوە ھەموو ئەوانەی بەشداری دەكەن بەرپرسیارییەتی مێژوویی و تەواوی لێكەوتەكانی ھەڵدەگرن، بۆیە داوا لە گشت لایەك دەكەین دڵنیایی یاسایی و دەستووری فەراھەم بكەن و بچەسپێنن، كە بەیەكەوە ژیانی ھاوبەش لە نێوان ھاووڵاتیانی گەلی عێراق بە ھەموو پێكھاتەكانییەوە بەھێزدەكات."

 

نامەکەی فراکسیۆنی پارتی لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان و شاندی حکومەتی هەرێم لە ماڵی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە یەکخستنی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردیەکان و دروستکردنی یەکڕیزی کورد بوو سەبارەت بەهەردوو پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی و پرۆژە یاسای بودجە.  

 

بەڵام دواتر بۆچوونی جیاواز لەنێو فراکسیۆنە کوردییەکان دروستبوو و پارتی ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە بڵاوکردەوە.

 

ئەمڕۆش فراکسیۆنی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەگەرچی ئەوان پێشتر کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ یەکهەڵوێستی، بەڵام بەدوو کاتژمێر بەر لەئەنجامدانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، لەکەناڵەکانی راگەیاندنەوە پەیامێکی تاکلایەنەی فراکسیۆنی پارتیمان بینی کەسەبارەت بە پرۆژە یاسای فیدراڵی دەریانکردبوو بەبێ گەرانەوەیان بۆ رای فراکسیۆنە کوردستانیەکان.

 

ڕاشیگەیاندووە، "لێرەوە بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین، کەئەم کارەی فراکسیۆنی پارتی دەرچوونی پێشوەختیانە لەناو ئیجماعی کوردی و تێکدانی یەکڕیزییە، وە بۆمێژوو ئێمە تەحەمولی ئاکامەکانی ناکەین."