ناس کورد-
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتیی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوە کارەی پارتی دەرچوونی پێشوەختیانە لەناو ئیجماعی کوردی و تێکدانی یەکڕیزییە و ئەوان تەحەمولی ئاکامەکانی ناکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق (پێنجشەممە 18ی ئازاری 2021) ڕایەگەیاند، "دوێنێ ئێوارە لەماڵی سەرۆک کۆمار بەئامادەبوونی (سەرۆک کۆمار، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و شاندەکەی، وەزیری دەرەوەی عیراق، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردیەکان، ئەندامانی کورد لەلیژنەی یاسایی و دارایی) کۆبوینەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ یەکخستنی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردیەکان و دروستکردنی یەکڕیزی کورد بوو سەبارەت بەهەردوو پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی و پرۆژە یاسای بودجە.
ئەوەش هاتووە، "لەکۆتایی کۆبونەوەکە بڕیاردرا کە ژوورێکی عەمەلیات دروست بکرێت و هەماهەنگی لەنێوانمان هەبێت و هەموومان پێکەوە هەوڵی هەمواری پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵ بدەین و ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە جێبەجێی بکەین."
فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەڵام بەدوو کاتژمێر بەر لەئەنجامدانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، لەکەناڵەکانی راگەیاندنەوە پەیامێکی تاکلایەنەی فراکسیۆنی پارتیمان بینی کەسەبارەت بە پرۆژە یاسای فیدراڵی دەریانکردبوو بەبێ گەرانەوەیان بۆ رای فراکسیۆنە کوردستانیەکان."
ڕاشیگەیاندووە، "لێرەوە بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین، کەئەم کارەی فراکسیۆنی پارتی دەرچوونی پێشوەختیانە لەناو ئیجماعی کوردی و تێکدانی یەکڕیزییە، وە بۆمێژوو ئێمە تەحەمولی ئاکامەکانی ناکەین."