ناس كورد-
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا دەکات وڵاتانی جیهان بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازێنێکا دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، جەختیشدەکاتەوە، پسپۆڕەکانی بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندنی سەلامەتیی ئەو پێکوتەیە، سودەکانی ڤاکسینەکە زۆر زیاترە لە مەترسییەکانی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی هەواڵێکی میدیا جیهانییەکان (18ی ئازاری 2021) کە "ناس کورد" بە دواداچوونی بۆ کردووە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، کە پسپۆڕەکانی هێشتا پێداچوونەوە بە داتاکانی سەلامەتی ڤاکسینی ئەسترازنیکا دەکەن، دوای بڵاوبوونەوەی ترس لە توشبوون بەجەڵتەی خوێن، بەڵام داوا دەکەن بەرنامەی کوتان بەو ڤاکسینە بەردەوامی هەبێت لە وڵاتانی جیهاندا.
ڕێکخراوە جیهانییەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو "لیژنەی ڕاوێژکاریی جیهانی تایبەت بە سەلامەتی ڤاکسینەکان بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ پێکوتەکە دەکەن، بۆیە پێمانوایە سودەکانی ڤاکسینی ئەسترازێنێکا زۆر زیاترە لە مەترسیەکانی، بۆیە پێشنیاری بەردەوامبوونی هەڵمەتەکانی کوتان دەکەین".
لای خۆیەوە سۆمەیە سوامیناتان، گەورە شارەزای ڕێکخراوەکە، پێشنیاری کردووە کە وڵاتان بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازێنێکا لە هەڵمەتەکانی کوتانی دژ بە کۆرۆنا.
ئەوە لە کاتێکدایە کە شارەزایانی کوتانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژى ( سێشەممە)ى رابردوو کۆبوونەوەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە سەلامەتی کوتانی کۆمپانیای ئەسترازێنیکای بەریتانی- سویدی سازکرد.
ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کاتێکدایە کە لە( 14 ی ئازاری2021) ئاژانسی"ڕۆیتەرز" بڵاویکردەوە، "بەرپرسانی تەندروستیی وڵاتی نەرویج ئەوەیان ئاشکراکردووە کە سێ کارمەندی تەندروستی وڵاتەکەیان دوای وەرگرتنی ڤاکسینی دژکۆرۆنا لە جۆری ئەسترازێنێکا توشی خوێنبەربوون وجەڵتەی خوێنبوون، کە ئەوەش وایکردووە داخڵی نەخوشخانە بن بۆ وەرگرتنی چارەسەر".
ئاماژەی بەوەشکرد "دەسەڵاتی تەندروستی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازێنێکا هەڵپەسێرێت لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا وجیهان ئەوەش بەهۆی نیگەرانیەکانی پەیوەست بەسەلامەتی ڤاکسینەکە وئەو کەسانەی کەئەو جۆرە کوتانە وەردەگرن".
لای خۆیەوە سیگۆردهۆرتیمۆ، گەورە شارەزای ئاژانسی دەرمانی نەرویج، لەو باریەوە وتویەتی، "تائێستا ئەونەسەلمێنراوە کەئەوحاڵەتانەی ڕوویانداوە پەیوەندی بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەوەهەیە یان نا، هەرسێ حاڵەتەکە لەخوار تەمەنی 50 ساڵییەوەن".
هاوکات کۆمپانیای ئەسترازێنێکا ئەوەی دوپاتکردووەتەوە کە داتاکانی سەلامەتی بۆ ڤاکسینەکەی ئاماژە بەوەدەکەن کەدوای دابەشکردنی زیاترلە 17 ملیۆن دانە لە کوتانە تائێستاهیچ نیشانەیەکی توشبوون بەوجۆرە نەخۆشییە لەوانەی کوتراون دەرنەکەوتووە، لەکاتی تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکەدا هیچ حاڵەتێکی لەوشێوەیە تۆمارنەکراوە".
بەپێی دوایین ئامار زیاتر لە 120 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هاوکات کۆی گشتی گیانلەدەستدان بەو پەتایەگەیشتووەتە نزیکەی سێ ملیۆن کەس، لە مانگی 12ی ساڵی 2019وە یەکەم حاڵەتەکان لە چین ئاشکرابوون، دواتر لەسەرانسەری جیهاندا نەخۆشییەکە بڵاوبووەیەوە.