کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- قادر حاجی عەلی هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت " لەم قۆناغەدا پاشەكشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروستكردوە، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بەوەیە كە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەباتو بەرگری كۆمەڵگای ئێمە نابێت بۆ ئازادیو دادپەروەری". . لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەنووس ئەنجامیداوە و وێنەیەکی تایبەت بۆ (ناس کورد) نێردراوە، قادر حاجی عەلی هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان کە لەئێستادا خۆی وەک سیاسییەکی سەربەخۆ پێناسە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات "من لەمڕۆدا وەك سیاسییەكی سەربەخۆ دەژیمو سەر بەهیچ ئۆرگانێكی حیزبی نیم، گەرچی زۆربەی ژیانی خۆم لە خەباتو كاری سیاسییدا بەسەر بردووە، بەڵام هەرگیز سیاسەتكردن بۆ من نەبووەتە پیشە، بەڵكو كەرەستەیەك بووە بۆ ئەوەی لەڕێگایەوە ژیانی گەلەكەمانی پێخۆشو باش بكەم. هەروەكو چۆن لەگەڵ هاوڕێكانمدا كاتێك لەشاخ خەباتی چەكداریمان دەكرد، لەپێناو چەند پرنسیپێكدا تێدەكۆشاینو ئەوەندەی بیرمان لەشەهید بوون دەكردەوە هێندە بیرمان نەدەكردەوە ڕۆژێك لەڕۆژان ببین بە سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمانو وەزیر، ئاوهاش كە بزوتنەوەی گۆڕانمان دامەزراند بیرمان لەدەستكەوتی شەخسیو بەرژەوەندی خێزانی نەدەكردەوە. ئێستاش ئەوەی بەردەوامی بە ژیانی من لە سیاسەتدا دەدات ڕاستگۆیبوونە بەرانبەر بەو ئایدیاو پرنسیپانەی كە كاتی خۆی بزوتنەوەی گۆڕانمان لەپێناویدا دامەزراند". . لەبەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا قادر حاجی عەلی، روونیدەکاتەوە لەدوای فەشەلی حوكمڕانی یەكێتیو پارتیو نائومێدبوونی هاونیشتمانیان لەم دوو دەسەڵاتە، كۆمەڵگای ئێمە هێزی بەرگری نوێی دروستكرد كە لە ڕووە سیاسیەكەیەوە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە بوو. . جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لەم قۆناغەدا پاشەكشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروستكردوە، بڕوابوونی تەواوەتی خۆشی دەخاتەڕوو کە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەباتو بەرگری كۆمەڵگای کوردی نابێت بۆ ئازادیو دادپەروەری. . قادر حاجی عەلی قۆناغی ئێستا بە نسکۆیەکی سیاسیو ئیداریو ئەخلاقی ناودەبات و دەشڵێت "لە باشترین حاڵەتدا دەتوانیین بڵێین پاشەكشێیەكی تەواوە لە دیموكراسی، گومان خستنە بۆ سەر خەباتی پەرلەمانی بۆ دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسی، وە سەركێشانێكە بۆ ناو قۆناغی سیستمێكی بنەماڵەیی سوڵتانی". . لەبەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا قادر حاجی عەلی ناڕاستەوخۆ رەخنە لە سیاسەتی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت و دەڵێت "ئەوەی ئاسایی نییە لەكوردستاندا هەڵبژاردن جێگەی تەواوی گومان بێتو سەرلەبەری پرۆسەكە بەساختەكاریو خۆسەپاندن بەهێز بزانیتو پاشان لەبەر دەستكەوتو پلەو پۆست ڕازی كردنی نوخبەیەك لەكادری هەلپەرستو بێ ئیش گومان لەسەر ناڕەوایی پرۆسەكە هەڵبگریتو ببیتە شەریكی ئەو حزبانەی كەدەنگەكانیان خواردویتو هەزارو یەك ڕەخنەت لێیان هەبووە". . روونیشیدەکاتەوە، ئەوە نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی پەرلەمانی بكەیت، كەچی دەنگ بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی بدەیت، بانگەشەی بەدامەزراوەیی كردنی دەوڵەت بكەیت، بەڵام لەناو ماڵەكەی خۆتدا بەهایەك بۆ دامەزراوەكانت نەهێڵیتەوەو لەدەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروست بكەیت. . لەدووبارە بەشداریکردنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، قادر حاجی عەلی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوە نائاساییە، كە ئەزموونێكی زۆر تاڵو تفتت لەكابینەی پێشوودا لەگەڵ هەمان حیزبدا هەبێتو بەناشرینترین شێوە لەحكومەتو پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتیان قبوڵ بكەیت، ڕێكخەرە گشتییەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لەدادگا داوا كراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر هەمان دامو دەزگای ئەو حكومەتە. . "خەڵكەكەی خۆت سزای قورست بداتو دەنگت نەداتێ، بەڵام یەك كەس تەحەمولی ئەم شكستە نەكاتو دەست لەكار نەكێشێتەوە، بەپێچەوانەوە دەنگە ڕەخنەییە ڕاستەقینەكانو ناڕازیەكانی خۆت سزا بدەیت" قادر حاجی عەلی وا دەڵێت. . قادر حاجی عەلی پێدانی ئەو پۆستانە لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بە بزووتنەوەی گۆڕان وەک بەرتیلی سیاسی و پێ خزاندن ناودەبات و لەبارەیەوە دەڵێت "ئەوە نائاساییە، كە سوور بزانیت موجامەلەو پێدانی پۆست زیاد لەقەبارەو ئیستیحقاقی خۆت جۆرێكە لە بەرتیلی سیاسی بۆ پێ خزاندن، بەڵام بچیتە ژێر باری داواكاریە قەبەكانی دەسەڵاتەوە". . بەوتەی قادر حاجی عەلی، گۆڕان ئێستا بەشێكە لەو دەسەڵاتە، ئەوەی گۆڕان لەپێناویدا دامەزراو خەڵكێكی زۆریش قوربانی بۆدا چاككردنی بارودۆخی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتی بوو، نەك پلەو پۆستو ئیمتیاز دۆزینەوە. . لەبارەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت "ئێمە ئەم بزوتنەوەیەمان دروست نەكردوە بۆ ئەوەی چەواشەی خەڵك بكات، بەڵكو بۆ ئەوە بوو ڕاستگۆیانە خەڵك لەگەڵ سیاسەت ئاشت بكاتەوە، ببێتە زمان حاڵی زوڵم لێكراوەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات پشتكردنە لەدەنگدەرانی گۆڕانو خەڵكی ئەم هەرێمە، لەوەی كە گۆڕان هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكاریەكان". . سەبارەت بە ناکۆکی و کێشەکانیان لەناو بزووتنەوەی گۆڕان، قادر حاجی عەلی روونیدەکاتەوە کێشە و گرفتەکانیان لەسەر جۆری ئیدارەدان و دیاریكردنی سیاسەتی بزووتنەوەكە و ناڕوونی لەجۆری دروستكردنی بڕیارداندا لە بزووتنەوەكەدا بووە و ئاماژە بەوەش دەکات كەموكوڕی لەدەستوری ناوخۆی بزوتنەوەكەدا هەبووە. . ئەوەش ناشارێتەو کە لەكاتی دامەزراندنی كۆمپانیای وشە و پاشان بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازی لاوەكی لەبۆچونیان هەبووە لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا و ئاماژە بەوە دەکات کە لەو کاتەشدا دوو مەسەلەی زۆر گرنگ هەبووە كە هەموویان لەسەری كۆك بوون و هەمیشە کاک نەوشیروان دووپاتی کردۆتەوە كە خەباتی بۆ بكەن: یەكەمیان دژایەتی گەندەڵی لەكوردستاندا، دووەمیان ڕێگە نەدان بەبنەماڵەو بەخێزان بوونی سیستمو سیاسەت بەگشتی لەكوردستاندا. . جەختیش دەکاتەوە "زۆر بەداخەوە كەئێستا لەهەموو حزبێك زیاتر ئەم دیاردانە بەگۆڕانەوە دیارە. ئەمەش ناكۆكی جەوهەریمانە لەگەڵ گۆڕانی ئێستا". . قادر حاجی عەلی ئەو رێککەوتنانەی کە بەر لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی ئەنجامدراوون بە ڕێككەوتنی ژێربە ژێری دەستەیەكی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی ناودەبات بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاساو بڕیارانەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانە بۆ زیاتر خۆسەپاندن، نەك بۆ دژایەتی گەندەڵیو دروستكردنی حكومەتی هاووڵاتیان. . ئاماژە بەوەش دەکات، رێککەوتنەکان دەستكەوتی ئابوری نوخبەیەكی بەرژەوەندی خوازی ناو گۆڕان بووە بۆ بەرجەستەكردنی پایەكانی تەوریسی سیاسی و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سەرجەمی رێککەوتنەکان دوور لەئیرادە و بڕیاری جڤاتەكانی گشتیو نیشتیمانیو هەتا خانەی ڕاپەڕاندنیش كراوە. . لەبارەی دۆخی ئێستای پەرلەمانی کوردستانیش، قادر حاجی عەلی لەو بڕوایەدایە هەر چاودێرێكی سیاسی ڕەخنەگر تەماشای مێژووی پەرلەمان بكات ئەو ڕاستیە دەبینێت كە خول بەخول پەرلەمانی هەرێم بەرەو لاوازكردنو لەدەستدانی هەیبەتی دەبرێت. . ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئێستادا دەزگای پەرلەمان بووە بە جێگەی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێئیشەكانی حزب. . لەکۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا قادر حاجی عەلی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان خۆیان وەک بەشێك لەم كۆمەڵگەیە و ئەو بارودۆخە دەزانن و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "ئیرادەی ئەوەمان ماوە كۆمەڵگاكەمان هەرشتێكی پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری و باشكردن بە دڵنیاییەوە ئەوە دەكەین". .