گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەڕی پەرلەمانی

فراکسیۆنی پارتی ڕوونکردنەوە لەسەر ’’کشانەوەی کورد’’ لە بەغدا دەدات

2021.03.17 - 15:46
App store icon Play store icon Play store icon
فراکسیۆنی پارتی ڕوونکردنەوە لەسەر ’’کشانەوەی کورد’’ لە بەغدا دەدات

ناس کورد-

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕەتی دەکاتەوە کورد گفتوگۆی لەبارەی پرسی کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی کردبێت و دەشڵێت، دانیشتنی پەرلەمان تایبەت یاسای دادگای باڵای فیدراڵی دواخراوە بۆ ڕۆژی پێنجشەممە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڤیان سەبری ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" سەبارەت بەتاوتوێکردنى پرسی کشانەوەى کورد لەنێوان فراکسیۆنە کوردییەکان لەئەگەرى تیپەڕاندنى یاساى داگاى فیدراڵى (17ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، "هیچ شتیک لەو بارەیەوە باس نەکراوە چونکە گوانکارییەکان خێران و نازانرێت چی دەبێت".

 

وتیشی، "جگە لەوە ئێمە و زۆرینەی فراکسیۆنی هاوپەیمانی هیوا بەشداری دانیشتنەکەمان نەکردووەو لەگەڵ چەند مادەیەکی یاساکەدا نین بەو جۆرەی دیاریکراوە".

 

یاساى دادگاى فیدراڵى کە پەرلەمان سەرقاڵى دەنگدانە لەسەرى، مشتومڕى توندى دروستکردووە، بۆ چارەسەرى ئەو ناکۆکیانەش پەرلەمان چوار ماددەى یاسا کۆنەکەى هەموارکردەوە، بەڵام زۆربەى فراکسیۆنە کوردییەکان دەنگیان پێنەدا.

 

ڤیان سەبری وتى، "لە پرسی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی مەترسی هەیە ئەوەش بەهۆی نەبوونی یەکسانی لە نێوان پێکهاتەکان. هەروەها بۆ کورد زۆر گرنگە متمانە هەبێت لە شێوازی دەنگدان بۆ ئەو کێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە".

 

وتیشى "دادگاکە هیچ متمانەیەکی بۆ کورد تێدا نییە، جگە لەوەش لایەنێکی مەزهەبی لەناو دادگاکە باڵادەست کراوەو بۆچوونی گشتی عیراق و کۆمەڵگەی مەدەنیش لەگەڵ تشریعی یاساکە نەبوون".

 

"لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی عێراق لە بارەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی پێکهاتەکان و بەشێک لە سوننەکانیش ئامادە نەبوون و ئەوەش بەهۆی ئەوەی ماوەی دوو هەفتەیە هەوڵ هەیە بە ڕێککەوتن یاساکە دەربکرێت و بۆ ئەوەش فراکسیۆنی پارتی و زۆربەی هاوپەیمانی هیوا لەگەڵ ئەو دەقەی یاساکە نەبوون"، ڤیان سەبرى وایوت.

 

باسی لەوەشکرد، دانیشتنی پەرلەمانی عیراق بۆ یاسای دادگای باڵای فیدراڵی دواخراوە بۆ ڕۆژی پێنج شەممە بۆ ئەوەش چاوەڕواندەکەن بزانین چی دەبێت.

 

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتی لەبارەى سەردانی شاندەکەی هەرێمیش وتی "سەردانی شاندەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق نەک گفتوگۆ لەبارەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی".

 

دادگاى فیدراڵى بەرزترین دەسەڵاتە بۆ یەکلایکردنەوەى ناکۆکییەکانى پەیوەست بە دەستور و دەسەڵاتەکان و کێشەى دەستورى نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام بەهۆى خانەنشین بوون و مردنى چەند ئەندامێکییەوە دادگاکە لەساڵى 2019 ەوە پەکیکەوتووە و ناتوانێت کۆبێتەوە.