گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

تیمى پارێزەرانى سزادراوانى بادینان داوایەکى نوێ ئاڕاستەى دادگاى پێداچوونەوە دەکات

2021.03.17 - 11:16
App store icon Play store icon Play store icon
تیمى پارێزەرانى سزادراوانى بادینان داوایەکى نوێ ئاڕاستەى دادگاى پێداچوونەوە دەکات

ناس کورد-

تیمى پارێزەرانى سزادراوانى بادینان داوایەکى نوێ ئاڕاستەى دادگاى پێداچوونەوە دەکەن بۆ ئەوەى دۆسیەکە لەلایەن دەستەیەکى فراوانى دادگاکەوە پێداچونەوە بۆ بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژى 25ى شوباتى 2021، تیمى پارێزەرانى پێنج سزادراوەکەى بادینان لە دادگاى پێداچوونەوە تانەیاندا لە بڕیارەکەى دادگاى هەولێر بۆ سزادانی ئەو کەسانە بەشەش ساڵ زیندانى بەتۆمەتى "سیخوڕى و مەترسی" بۆ سەر ئاسایشى هەرێم، بەڵام هێشتا بڕیارەکە پێداچونەوە بۆ نەکراوە.

 

بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەرانى دۆسیەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد"ى (17ی ئازاری 2021) ڕاگەیاند، وەکو تیمى پارێزەران نوسراوێکى نوێیان ئامادەکردووە و سبەینێ رادەستى دادگاى پێداچوونەوەى دەکەن.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە نوسراوەکەدا داوایانکردووە دۆسیەکە لەلایەن دەستەی فراوانى دادگاى تەمیزەوە کە ئەندامەکانى زیاترە پێداچونەوە بۆ بکرێت، نەک لەلایەن دەستەى جەزائیەوە کە لە پێنج ئەندام پێکدێت، ئەوەش بۆ ئەوەى پێداچوونەوە بە سزاکەدا بکرێت.

 

دادگاى پێداچونەوە بەرزترین دەسەڵاتە بۆ بڕیاردان لەبارەى هەر سزایەک کە تانەى لێدەدرێت، بە دەنگدان بڕیارە بنبڕەکانى یەکلایی دەکاتەوە.  

 

دادگاکە لە سێ دەستە پێکدێت، یەکەم و دووەم هەریەکەیان لە پێنج ئەندام پێکدێن و دۆسیەکانیان بۆ رەوانە دەکرێت، لەگەڵ دەستەیەکى دیکە کە لەئەندامانى سەرجەم دادگاکە پێکدێت و ژمارەیان بە 11-13 دادوەر دادەنرێت.

 

دۆسیەى سزادانى ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانەى بادینان کاردانەوەى زۆرى دروستکردووە، بەتایبەت کە هەشت رۆژ دواى تانەدان لە بڕیارەکە ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم ڤیدیۆیەکى بەناوى "دانپێدانانى" ئەو کەسانە بڵاکردەوە.

 

بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆکە کاردانەوەکانى زیاتر کرد، سێ ئەندامى ئەنجومەنەکە لە پشکى یەکێتى لە راگەیەنراوێکدا جەختیانکردەوە، به‌ هیچ جۆرێك ئاگاداری ئه‌و راپۆرت و دانپێدانانه‌ نین و سیفه‌تی "فه‌رمیبوون" وه‌رناگرێت.  

 

پێنج سزادراوەکە کە پێکهاتوون لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم، لە ناوەڕاستى شوباتى ئەمساڵدا لەلایەن دادگاى تاوانەکانى دووى هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانى سزادران.