گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە پەرلەمانی عێراق پارتی و هاوپەیمانی هیوا کۆدەنگن.. یەکێتی لەگەڵ شیعەکانە

2021.03.16 - 22:45
App store icon Play store icon Play store icon
لە پەرلەمانی عێراق پارتی و هاوپەیمانی هیوا کۆدەنگن.. یەکێتی لەگەڵ شیعەکانە

ناس کورد-

جەمال کۆچبەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناکۆکی لەسەر یاسای دادگای فیدڕاڵی بۆ کاتژمێرێک دواخرا، هاوپەیمانی هیوا و پارتی کۆدەنگن و یەکێتیش لەگەڵ شیعەکاندا ڕێککەوتووە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەمال کۆچبەر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕایگەیاند، "ئێستا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت بۆ چوونەوە بۆ هۆڵی پەرلەمان دوای ئەوەى بۆ کاتژمێرێک دانیشتنەکە دواخرا، هاوپەیمانی هیوا و پارتی لەگەڵ هەمواری یاسای کۆنی دادگای فیدڕاڵین، بەڵام یەکێتی و لایەنە شیعییەکان لەگەڵ یاسای نوێیەکەى دادگای فیدڕاڵین."

 

وتیشی، "ئێمە وەک هاوپەیمانی هیوا بە مەبەستی دەنگدان بە بڕیارەکەى تایبەت بە هەڵەبجە چووینەژوورەوە، بەڵام دواتر لەگەڵ پارتی بایکۆتی دانیشتنەکەمان کرد."

 

پەرلەمانى عێراق بەرەبەیانێکى زوو کۆتایی هێنا بە ئاڵۆزى و ناکۆکییە توندەکان لەبارەى پڕۆژە یاساى دادگاى فیدراڵى، دواى ئەوەى بەهەموارکردنەوەى چەند ماددەیەک یاسا کۆنەکەى کاراکردەوە و دەستبەردارى پرۆژە نوێیەکە بوو.

 

پڕۆژەکە کە بە بەربەستى بەردەم پڕۆژەى بودجە و هەڵبژاردن دادەنرا ناکۆکى زۆرى لەسەر بوو، بەتایبەتى لەنێوان کورد و لایەنە شیعییەکان لەبارەى پێکهاتە و چۆنیەتى یەکلاییکردنەوەى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى کە بەرزترین دەسەڵاتە بۆ یەکلایکردنەوەى ناکۆکییەکانى پەیوەست بە دەستور و دەسەڵاتەکان.

 

لەپڕۆژەکەدا دەنگدانى زۆرینە جێگیرکرابوو بۆ یەکلاییکردنەوەى بڕیارەکان لەگەڵ بەشداریپێکردنى شارەزایانى ئاینى لەدادگاکەدا، بەڵام کورد جەختى لەسەر کۆدەنگى و زیادنەکردنى ئەندامەکانى دەکردەوە.

 

بەهار مەحمود، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە "ناس کورد"ى راگەیاند، دواى بەردەوام بوونى ناکۆکییەکان هەموارى یاساکە چارەسەرێکى مامناوەندى بووە لەنێوان کورد و لایەنەکانى دیکەدا، بۆ چارەسەرى ناکۆکییەکان.

 

لە هەموارەکەدا چوار ماددەى یاساکە کۆنەکە هەموارکراوەتەوە کە تایبەتن بە پرسی پێکهاتەى دادگاى فیدراڵى و تەواوکردنى رێژەى یاسایی ئەندامانى بۆ ئەوەى دادگاکە کە لە ناوەڕاستى 2019 ەوە پەکیکەوتووە دەستبەکارەکانى بکاتەوە.

 

بەهار مەحمود کە پەرلەمانتارى هاوپەیمانى هیوایە وتى، "فراکسیۆنە کوردییەکان دەنگیان بەهەموارەکە نەداوە، تەنها فراکسیۆنى یەکێتى ئامادەى دانیشتنەکە بوون".

 

جەختیشیکردەوە، ئەوان لەگەڵ ئەوەدا بوون ناکۆکییەکان لەسەر یاساکە چارەسەر بکرانایە نەک هەموارەکە پەسەند بکرێت، چونکە ئەو چارەسەرە کاتى یەو ئامانج لێی دەستبەکاربوونەوەى دادگاى فیدراڵییە کە ماوەیەکە بەهۆى تەواونەبوونى ژمارەى ئەندامانییەوە کارەکانى پەکی کەوتووە.

 

بەپێی هەموارەکە، زۆربەى زۆرى ماددەکانى یاسا کۆنەکەى دادگاى فیدراڵى وەک خۆیان ماونەتەوە، لەناویاندا یەکلایکردنەوەى بڕیارەکانى دادگاگە بە دەنگى دوو لەسەر سێی ئەندامەکانى، لەکاتێکدا لە پڕۆژە نوێیەکەدا کرابووە دەنگدانى زۆرینە، ئەوەش لەلایەن کوردەوە رەتدەکرایەوە.

 

"چارەسەرەکە بەجۆرێک بوو نەکورد نە لایەنەکانى دیکە ئیرادەى خۆیان نەسەپاند بەسەر یەکتریدا، یاساکە بەشێوەیەکى کاتى ناکۆکییەکانى چارەسەرکرد، ئەوەش بۆ دەستبەکاربوونەوەى دادگاى فیدراڵى".

 

جەختیشیکردەوە، ئەگەر پڕۆژە نوێیەکە پەسەند بکرایە مەترسی دەبوو بۆ کورد چونکە دەنگدان دەبوو بە زۆرینە و عێراق فوقەهاى ئیسلامیش دەچونە ناو دادگاکەوە، بۆیە ئەم چارەسەر مامناوەندییە باشترە، هەرچەندە خودى پڕۆژەکە دواى چارەسەرى ناکۆکییەکان پەسەند بکرایە باشتر بوو.

 

هەموارى یاساکە رێگەى لەبەردەم هەوڵەکان خۆشکرد بۆ تێپەڕاندنى پڕۆژە یاساى بودجەى 2021 و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە، بەتایبەت کە ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژە نوێیە بەبەربەستى بەردەمیان دادەنرا.

 

"بەو چارەسەرە مامناوەندییە و هەموارى یاسا کۆنەکە، دەرگا لەبەردەم تێپەڕاندنى بودجە و ئەنجامدانى هەڵبژاردن کرایەوە"، بەهار مەحمود وایوت.