گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندى هەرێم دوا زانیارى لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجە ئاشکراکرد

2021.03.16 - 13:16
App store icon Play store icon Play store icon
شاندى هەرێم دوا زانیارى لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجە ئاشکراکرد

ناس كورد-

ئەندامێکى شاندى دانوستانکارى هەرێم رایگەیاند، کێشەیەکى ئەوتۆ لەنێوان هەرێم و بەغدا نەماوەتەوە لەسەر پشکى هەرێم لەبودجە، لەسەردانەکەیاندا بۆ بەغدا هەوڵدەدەن دەقە حکومییەکە وەک خۆى بمێنێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دارا رەشید ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکرد، سەردانەکەیان بۆ بەغدا بۆ درێژەپێدانى کۆبوونەوەکانە لەبارەى بودجەوە، دیاریش نییە دوا سەردان دەبێت یاخود نا، چونکە پەرلەمان سەرقاڵى پڕۆژە یاساى دادگاى فیدراڵییە.

 

وتیشى "ئەو دەقە حکومییەى جێگیرکراوە لەناو پڕۆژەکە لەبارەى هەرێمەوە وەک خۆى ماوەتەوە، ئێمەش هەوڵدەدەین بەو شێوەیە بمێنێتەوە".

 

بەوتەى دارا رەشید، کێشەییەکى ئەوتۆ لەنێوان هەرێم و بەغدا نەماوەتەوە، هەرێم ئامادەیی نیشانداوە بۆ جیبەجێکردنى هەموو داواکارییانەى کە پێشتر جێگەى ناکۆکى بوون "ئەو رێککەوتنەى جێگیرکراوە وەک خۆیەتى و هیوادارین وەک خۆى تێپەڕێت".

 

لەبارەى داواى هەرێم بۆ دروستکردنى کۆمپانیایەکى نیشتیمانى نەوت بەبەشدارى سەرجەم پێکهاتەکان، دارا رەشید وتى "لەو دانیشتنانەى ئێمە کردومانە داواى لەو شێوەیە نەکراوە، لەوانەیە پیشنیاز بێت بۆ داهاتوو".

 

بڕیاربوو رۆژى دووشەممە پرۆژەى بودجە لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام نەخرایە ناو کارنامەى کۆبوونەوەکەوە و بەوتەى بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەمڕۆ سێ شەممە ئەگەر هەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدرێت.  

  

پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بڕیارە ئەمڕۆ  شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێم بگاتە بەغدا بەمەبەستى گەیشتن بەڕێککەوتن لەسەر پڕۆژەى بودجە.    

  

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکرد، شاندەکە هەمان شاندى پێشووى دانوستانکارى حکومەتى هەرێمە کە دەچێتە بەغدا بەمەبەستى گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پڕۆژەى بودجە.