گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یەکێتی کەی کۆنگرە دەبەستێت؟ کێ دەبێتە سکرتێری گشتی ئەو حزبە؟[تایبەت]

2019.06.02 - 12:57
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتی کەی کۆنگرە دەبەستێت؟ کێ دەبێتە سکرتێری گشتی ئەو حزبە؟[تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد - وریا حسین بەوتەی سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئێستا کەس نەماوە لەناو یەکێتی گرفتی مابێت کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە ببەسترێت، بەڵام هەموانیش نایشارنەوە ئەم کۆنگرەیە چەندە بۆ یەکێتی گرنگە هێندەش گرنگە بۆ ملشکاندن نەبێت. . یەکێتی نیشتمانی کوردستان ساڵی 2010 کۆنگرەی سێهەمی خۆی بەست دواتر ساڵی 2013 پلنیۆمێکی ئەنجامدا بڕیاریدا ساڵی 2014 کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی ببەسترێت بەڵام بەبیانوی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە یەکێتی کۆنگرەی خۆی دواخست. . شەوی 1ی حوزەیرانی 2019، مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و بەڕوونی ڕای خۆی دەربڕی بەرامبەر کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پێویستە کۆنگرە کۆنگرەی تەبایی بێت، پاش ئەوە قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە هاشتاگی بەرەو کۆنگرەی ڕاگەیاند، ڕۆژی 1ی حوزەیران کەشوهەوای سەر گڵکۆی تاڵەبانی کە بەبۆنەی یادی یەکێتیەوە ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی لەوێ کۆبوونەوە لێوان لێو بوو لە گفتوگۆ دەرباری کۆنگرەی داهاتوو. . زوبێر عوسمان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەنجومەنەکەیان هەموو ئامادەکارییەکی بۆ کۆنگرەی داهاتوو کردووە ئەوەی ماوەتەوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاری ڕۆژی بەستنی کۆنگرە بدات، وتی:"هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ بەستنی کۆنگرە هەموو قەیران و پڕۆسەکانمان تێپەڕاندووە تاکەس بڵێت کاتی کۆنگرە نیە". . جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پێویستە کۆنگرە لەسەر بنەمای پەیڕەو بێت نابێت کۆنگرەی تەوافوقی بێت، وتیشی:"کۆنگرە دەبێت لەسەر بنەمای پەیڕەو بێت ئەوەش موجازەفە نییە دەبێت پابەندبین پێوەی، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک پێچەوانەی بڕیاری یەکێتی و کادیرانی یەکێتی بوەستێت ئەوا سەرکێشی دەکات بە مێژوو و داهاتووی خۆی". . وتیشی:" 90%ی ئەندامانی یەکێتی لەگەڵ بەستنی کۆنگرەن". . سەرباری ئەو هەڵمەتە چڕەی بەسەرۆکایەتی بنەماڵەی سکرتێری کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی هەیە بۆ بەستنی کۆنگرە، بەڵام سەرکردە دیارەکانی یەکێتی پێشبینی ناکەن تاکۆتایی ئەمساڵ بتوان کۆنگرە ببەستن. . عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی یەکێک لەسەرکردە دیارەکان پێی وا نییە هیچ پارتێکی کوردستان هەبێت کۆنگرەیەکی ئاسایی بگرێت بۆیە بۆ یەکێتی کە پێکهاتەی حیزبەکە لەچەند هێڵێک پێکهاتووە ئەگەر ڕاکان لەیەکەوە نزیک نەبن ڕەنگە نەتوانێت کۆنگرەیەکی ئاسایی بگرێت، وتی:"تا کێشەکانی کەرکوک و بەغداد لەگەڵ پرسی پێکهێنانی حکومەت چارەسەرنەکەین ناتوانین کۆنگرە بگرین، ئەوەش دەگاتە سێ مانگی تر تا کۆتایی ساڵ". . عەتا سەراوی بەشێک لەدیزاینی نوێی پێشبینکراو کە ئەگەری بەهێزە لەکۆنگرەی داهاتووی یەکێتی پەسەند بکرێت بۆ ناس کورد ئاشکرا کرد، بەوەی ئەنجومەنی ناوەندی و سەرکردایەتی دەکرێت بەیەک ئۆرگان و پاشان پۆستی سکرتێری گشتی نامێنێت و لەجێگەی سەرکردایەتیەکی گشتی هاوبەش دروستدەکرێت، وتی:"پێم وانیە دوای کۆچی مام جەلال لەم کۆنگرەیە و کۆنگرەی داهاتووش ڕایەکی یەکگرتوومان لەسەر کەسێک هەبێت، بۆیە سکرتێر نامێنێت و دەسەڵاتەکانی بەمل ئەو سەرکردایەتیە گشتیەدا دابەش دەکرێت کە شوێنی دەگرێتەوە". . پێشتر هەرچەندە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڕیاری هەبووە لەبارەی کۆنگرە و چەندین جار ئەم پرسەی ورژاندووە، بەڵام سەرکردایەتی یەکێتی سەرکەوتوونەبووە لەوەی بڕیارەکەی جێبەجێبکرێت. . مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو و زۆرینەی یەکێتی لەگەڵ بەستنی کۆنگرەی داهاتوون، بۆیە دەبێت کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی کۆنگرەی تەبایی بێت و ببێتە هۆی بەهێزکردنی یەکێتی، وتیشی: "بەبڕوای من تا دوای پێکهێنانی حکومەت بەستنی کۆنگرە ئەگەرێکی دوورە، بەڵام ڕەنگە سەرکردایەتی دوای ئەوە بڕیاری لێبدات". . وتیشی" پێشتریش بڕیارمان هەبووە، بەڵام قەیرانی داریی و شەڕی داعش و چەندین پرس نەیانهێشت کۆنگرە ببەستین". . چەندین سەرکردەی دیاری گەنج خۆیان ئامادەکردووە لە کۆنگرەی داهاتوو بێنە پێشەوە بەڵام کەمنین ئەو سەرکردە بەتەمەنانەشی کە ڕکابەری مانەوە دەکەن، بەڕای عەتا سەراوی "ئەگەر یەکێتی گۆڕانکاری 30% سەرکردەکانی بکات سەرکەوتووبووە". .