گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پشکی هەرێم

فراکسیۆنی پارتی پێشبینى نوێ بۆ تێپەڕاندنى بودجە دەکات

2021.03.15 - 23:29
App store icon Play store icon Play store icon
فراکسیۆنی پارتی پێشبینى نوێ بۆ تێپەڕاندنى بودجە دەکات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، بەشێکى زۆرى لایەنە شیعییەکان پشتیوانى دەقە حکومییەکە دەکەن لەبارەى پشکى هەرێم و دەشڵێت، هەرچەندە هەموو ئەگەرەکان کراوەن، بەڵام پێناچێت بودجە بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ کورد تێپەڕێنرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەشار کیکی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (15ی ئازاری 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد" ڕایگەیاند، "هۆکاری دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی بودجەی 2021 و پەسەندکردنی تەنها پشکی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو بەشێک لەلایەن شیعییەکان پرسی یاسای دادگای فیدڕاڵیان بەستووەتەوە بە پرسی بودجە".

 

لەبارەی پێشبینی ئەوان بۆ چۆنێتی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە، ئایا بە زۆرینەی دەنگ دەبێت یان بە پێی ڕێککەوتن دەبێت لەگەڵ کورد، کیکی وتی، "هەرچەندە ئەگەرەکان لەم دۆخە نالەبارەدا کراوەن، بەڵام پێمانوایە لەکۆتاییدا هەردەبێت بە پێی ڕێککەوتن لەگەڵ کورد ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە".

 

بەوتەی کیکی، "بەشێکی زۆر لەلایەن شیعییەکان هەڵوێستی باشیان هەیە بەرانبەر بەکورد و پشتگیری ئەو بڕگەیە دەکەن کە حکومەتی فیدڕاڵی لەناو پرۆژەکەدا جێگیری کردووە کە بریتین لەبرگەی ( 10 و11)".

 

لە بارەی دیاریکردنی ڕۆژی دەنگدان لەسەر بودجەکە، کیکی وتی، "سبەی دانیشتنی پەرلەمان نییە، بەڵکۆ کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان هەیە، پێدەچێت دوای گفتۆگۆی لیژنەکە دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە دیاریبکرێت".


"ئەگەر تاکۆتایی ئەم مانگە بودجە پەسەند نەکرێت ئەوا پێشبینی دەکەین عێراق بەبێ بودجە ئەمساڵ بەڕێبکات"، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وای وت.

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاساى بودجە بخاتە دەنگدانەوە، بەڵام ئەو بڕگەیە نەخرایە بەرنامەى کارى دانیشتنەکەوە.

 

دوێنێ (یەک شەممە 14ی ئازاری 2021) بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا بۆ"ناس کورد"ڕایگەیاند "بەشێک لەلایەنە شیعییەکان هەڵوێستی باشیان بەرانبەر بەکورد نییە، بۆیە زۆر جارلە هەوڵی ئەوەدان مافە دەستورییەکانی گەلی کورد کەمبکەنەوە".

 

وتیشى "شیعەکان پرسی بودجە و دادگای فیدڕاڵیان بەستووەتەوە بە هەڵبژاردنەکان، ئەوان ڕێگریی دەکەن لە پەسەندکردنی بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان نەبووەتە ڕێگریی لەبەردەم پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە، چونکە سوننەکانیش کێشەیان هەیە لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بەو پێیەی ئەو بودجەیەی کە بۆ ناوچەکانیان تەرخانکراوە بەگوێرەی پێویست نییە".