ناس کورد-
مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی رایگەیاند، ڕەزامەندییان داوە لەسەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پرد و ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە پارێزگای هەڵەبجە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەسرور بارزانی لە پەیامێکیدا بە بۆنەی ( 33)مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت، "بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم تاوانە گەورەیەی ڕژێمی بەعس دەکەینەوە کە بە چەکی قەدەغەکراو هەزاران مرۆڤی بێتاوانی شەهید کرد و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون، کە هەندێکیان تا ئێستاش، بە دەست ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن."
دەشڵێت، "هەڵەبجە بووەتە ناسنامە و سیمبوڵی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە جیهاندا، بۆیە پێویستە هەمیشە یادی شەهید و قوربانییانی ئەم تاوانە، زیندوو ڕابگرین و هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ئەم تاوانە مەزنە بکاتەوە و کاربکەین بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و هەر گەل و نەتەوە و پێکهاتەیەکی دیکە لە جیهاندا."
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردووە، "لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەی وەزارەتەکان ، ڕەزامەندیمان لە سەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پرد و ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە پارێزگای هەڵەبجە دا. هیوادارم لە داهاتوودا، بتوانین خزمەتێکی شایستەتری هەڵەبجە و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان بکەین."
لە کۆتاییدا نوسیویەتی، "سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم و هەمیشە لە یادمانن."