گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەڕی یاسا لە بەغدا

کورد لە بەغدا هەڵوێست وەردەگرێت: قبوڵی ناکەین

2021.03.15 - 16:19
App store icon Play store icon Play store icon
کورد لە بەغدا هەڵوێست وەردەگرێت: قبوڵی ناکەین

ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە بەرانبەر داواکاری لایەنە شیعییەکان بۆ دەنگدان لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی کورد هەڵوێست وەردەگرێت و ئامادە نییە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵی پێکەوە گرێ بدەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەلیم شوشکەیی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد"، (15ی ئازاری 2021) وتی، "هەرچەند کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆک فراکسیۆنەکان کرا تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنێک لەبارەی مادەکانی پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی و دەنگدان بۆ یاساکە بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەک دەنگن لەوەی کە ئەوەیان قبوڵ نییە دەنگدان لە دادگاکە بە زۆرینە بێت و بۆ ئەوەش ڕەتی دەکەنەوە دەنگ بەو یاسا بدەن."


باسی لەوەشکرد، بڕیارە پێش کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کە دواخراوە بۆ کاتژمێر 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە کۆبوونەوەیەک بکەن و بۆچوونەکانیان یەک بخەن و هەڵوێست وەربگرن.


باسی لەوەشکرد، ناکرێت پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەست بکرێن پێکەوە چونکە بودجەکە بۆ ساڵێکە و بەڵام یاسای دادگای باڵای فیدراڵی وادەکەی درێژخایانە بۆ ئەوەش فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکدەنگن لەوەی دەنگ بەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی نەدەن بەوجۆرەی ئیستا داواکراوە کە دەنگدان لە دادگاکە بە زۆرینە بێت.


سەبارەت بەوەی ئایا وەکو کورد بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات کە بڕیارە کاتژمێر 7ی ئێوارە ئەنجامبدرێت، سەلیم شوشکەیی وتی، "ئەوە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکلایی دەکرێتەوە کە ئایا بەشداری دەکەین یاخود بایکۆت دەکرێت، بەڵام سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکدەنگن بۆ هەر بڕیارێک بدرێت".

 

دوێنێ ئەندامێکی کوردی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێناچێت یاسای دادگای فیدراڵی بە ئاسانی لە پەرلەمان پەسەندبکرێت، شیعەکان لەگەڵ دەنگدانی زۆرینەن لەناو دادگاکەدا، بەڵام کورد ناڕازییە و پێشنیازێکی تری هەیە.  

  

بەهارمەحمود، ئەندامی کوردی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق (14ی ئازاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "بەشێک لە لایەنە شیعییەکان هەڵوێستی باشیان بەرانبەر بە کورد نییە، بۆیە زۆرجار لە هەوڵی ئەوەدان مافە دەستورییەکانی گەلی کورد کەم بکەنەوە".  


وتیشی، "یاسای داداگای فیدڕاڵی یاساییەکی گرنگە بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق، چونکە دوا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەرئەو کێشانەی کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ڕووبدەن لەلای ئەو دادگایە دەبێت، بۆیە پێویستە زۆر بە وەریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو یاسایەدا بکەین".  

    

بەهار مەحمود ئەوەشی وت، "لایەن شیعییەکان سورن لەسەرئەوەی کە دەبێت بڕیاردان لە ناو داداگای فیدڕاڵیدا بە دەنگی زۆرینە بێت، بەڵام کورد ئەو ڕەت دەکاتەوە و داوای ئەوە دەکات کە دەنگدان دەبێت لە سەر بنەمای چوار لەسەر پێنج یان دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەو دادگایە بێت کە پێک هاتوون لە نۆ دادوەر و شەش شارەزای فیقهی ئیسلامی".  


بەوتەی ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، "شیعەکان پرسی بودجە و دادگای فیدڕاڵیان بەستووەتەوە بە هەڵبژاردنەکان، ئەوان ڕێگریی دەکەن لە پەسەندکردنی بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان نەبووەتە ڕێگریی لەبەردەم پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە ، چونکە سونەکانیش کێشەیان هەیە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەو پێیەی ئەو بودجەیەی کە بۆ ناوچەکانیان تەرخانکراوە بەگوێرەی پێویست نییە".   


بەهار مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە ئەو مادانەی کە ماون لە پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵییدا، تەنها سێ ماددەن، بەڵام پێناچێت بە ئاسانی یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە ئەگەرلە کاتی گونجاودا لایەنەکان نەگەن بەڕێککەوتن ئەو پێدەچیت کاریگەری نەرێنی هەبێت لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، چونکە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە لە دەسەڵاتی ئەو دامەزراوەدایە".  


هاوکات حسێن عیقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانیکدا بۆ میدیا عێراقییەکان کە " ناس کورد بە دواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، "میکانیزمەکانی دەنگدان گرنگترین کۆسپەکانی بەردەم دەرکردنی یاسای دادگای فیدڕاڵییە".