گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

سێ بڕیار لە بەرژوەندی قوتابیان و خوێندکارانی 12ی ئامادەیی درا 

2021.03.15 - 13:46
App store icon Play store icon Play store icon
سێ بڕیار لە بەرژوەندی قوتابیان و خوێندکارانی 12ی ئامادەیی درا 

ناس کورد-

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، سێ بڕیاری نوێ لەبارەی قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی دراوە و جەختی لەوەشکردەوە دەستپێکردنەوەی خوێندن لە دوای 25ی ئازارەوە بۆ پۆلەکانی 1ی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی لە دەسەڵاتی ئەوان نییەو تەندروستی بڕیار دەدات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی (15ی ئازاری 2021) لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری خوێندکاران و قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری "ناس کورد" ئامادەی بوو ڕایگەیاند، ئەوەی بەدی کراوە دوێنێ لەسەید سادق ئەمڕۆش لەسلێمانی خوێندکارانی 12ی ئامادەیی کۆمەڵێک داواکارییان هەبوو ئێمە دوێنێ نیگەرانیەکانمان گەیاندە وەزیری پەروەردە و بەخۆشحاڵیەوە دواتر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەکان سێ بڕیاردرا لە بەرژوەندی خوێندکاران ئەوانیش، پێشتر تاقیکردنەوەکان ڕۆژ نا ڕۆژێک بوو ئێستا گۆڕانکاری کراوە و کراوەتە هەفتەی دوو تاقیکردنەوە واتە کە تاقیکردنەوەکان دەستپێدەکات لە 25ی 7ی 2021 لە 22ی 8ی 2021 تەواو دەبێت کە پێشتر 12ی 8ی 2021 تەواو دەبوو کە ئەمە یەکەم داواکاری قوتابیان و خوێندکاران و گرنگترینیان بوو.

 

باسی لەوەشکرد، داواکاری دووەمیان تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم بوو کە بڕیاربوو لە لە 22ی 3ی 2021 دەست پێبکات ئەوەش دواخرا تاوەکو پرۆگرامی زیاتر بخوێنن خراوەتە 10ی 4ی 2021، جگە لەوەش کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بەهۆی ئەم دۆخەی هەبووە ئەمەشیان بڕیاردراوە دوای تاقیکردنەوەی وەزری یەکەم لیژنەیەکی پسپۆڕ لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بە وەرگرتنی بۆچوونی سەرپەرشتیاران و کەسانی شارەزا پێداچوونەوە بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن بکرێت و لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندن بڕیار لەبارەی ئەو بەشانەی پرۆگرامی خوێندن دەدرێت کە داغڵ نین بۆ تاقیکردنەوەکان. 

 

باسی لەوەشکرد، ئەوەی ناتوانین بیکەین ئەوەیە قوتابی و خوێندکار پێش تاقیکردنەوەکان 40 ڕۆژ لە ماڵەوە بێت چونکە کاتی زۆر لەبەردەست نییە و ئەگەر ئەوە بکرێت پرۆسەی خوێندن کاتی زیاتری پێویست دەبێت بۆ ئەوەش پێمان ڕاگەیاندوون کە دوو ڕۆژ لە هەفتەیەک تاقیکردنەوە تا ڕادەیەک قەرەبووى بۆ کردوونەتەوە و کاتی زیاتریان دەبێت بۆ خۆ ئامادەکردن و بەوەش قەناعەتیان کردووە و ناڕەزایەتییان کۆتایی هاتووە.

 

 بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پەیامێکی ئاڕاستەی مامۆستایان و بەڕێوەبەری خوێندنگەکانیش کرد بەوەی، پەلەنەکەن لە تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن هەروەها کار بە یەکخستنی پۆلەکانی خوێندن نەکرێت کە ئەوە مەترسییەکی جدییە بۆ بڵابوونەوەی کۆرۆنا و هەروەها پابەندی بەستنی دەمامک و بەکارهێنانی پاککەرەوەی دەست بن، جگە لەوەش نیگەرانین لەوەی مامۆستایانی توشبوو بە کۆرۆنا بچنەوە قوتابخانەکان چونکە ئەوە مەترسییەکی جدییە.

 

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خوێندن بۆ پۆلەکانی 1ی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاردرا لە 12ی ئازارەوە تاوەکو 25ی ئازار ڕابگیرێت، ئایا لە دوای 25ی ئەم مانگەوە دەست بەخوێندن دەکرێتەوە، وتی "ئەوە پەیوەندی بە بڕیاری تەندروستییەوە هەیە و وەکو پەروەردە ئێمە پابەندی بڕیاری ئەوان دەبین چونکە ئەمە کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن یاخود پرسێکی تایبەت بە پەروەردە نییە و دەکرێت چاوەڕوانی بڕیاری ئەوان بین".

 

ئەوەشی ئاشکراکرد، لەو وادەیەی پرۆسەی خوێندن دەستی پێکردووەتەوە لەسەرجەم قوتابخانەکانی سنوری پەروەردەی سلێمانی 3 قوتابخانە داخراون و یەکێکیان کەرەنتینەکردنی کۆتایی هاتووە، جگە لەوەش 75 قوتابی و خوێندکار لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن توشی ڤایرۆسەکە بوون و 23 مامۆستاش وەک توشبووی کۆرۆنا دیاریکراون.

 

سەبارەت بە کەمی پەرتوکی خوێندن بۆ ئەمساڵ وتی، ئەوەی هەبووە لە کۆگاکان دابەشکراوە، بەڵام چاپی نوێ نەکرا بەهۆی ئەوەی گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن کراوە و هەندێک هەڵە کە پێشتر هەبوون چارەسەرکراوە بۆ ئەوەش ساڵی داهاتوو پەرتوکی نوێ چاپدەکرێت و گرفتی کەمی پەرتوک نامێنێت.