گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەڕانەوەیە بۆ خاڵى سفر

هاوپەیمانى فەتح: هەرێم مەرجى نوێی هەیە بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجە  

2021.03.14 - 23:01
App store icon Play store icon Play store icon
هاوپەیمانى فەتح: هەرێم مەرجى نوێی هەیە بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجە  

ناس کورد-

ئەندامێکى هاوپەیمانى فەتح لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، حکومەتى هەرێم "نیازى" گەیشتن بە ڕێککەوتنى نییە لەسەر پڕۆژەى بودجە و مەرجى نوێی هەیە کە گەڕانەوەیە بۆ خاڵى سفر.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حامد موسەوى لەلێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنى فەرمى عێراق کە "ناس کورد" بینیویەتى رایگەیاند، داوایان کردووە بودجە دوربخرێتەوە لە موجامەلەى سیاسی، پەکخستنى بودجە لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە پێچەوانەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانە.

 

وتیشى لیژنەى دارایی جەختیکردووەتەوە کە دەنگدان تاکە چارەسەرە بۆ چارەسەرى ماددەى 11 ى پەیوەست بە هەرێم کە تاکە ماددەیە ناکۆکى لەسەرە، بۆیە ئەوان سورن لەسەر تێپەڕاندنى بودجە.

 

"حکومەتى هەرێم مەرجى نوێی هەیە و گەڕانەوەیە بۆ خاڵى سفر، کە داواى دامەزراندنى کۆمپانیایەک دەکات بەبەشدارى سەرجەم پێکهاتەکان، حکومەتى هەرێم نیازى ڕێککەوتنى نییە"، موسەوى وایوت.

 

جەختیشیکردەوە، بەهۆى "مەرجى تەعجیزى" حکومەتى هەرێمەوە کەسەپاندویەتى هێشتا هیچ تەوافوقێک نەکراوە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە و ئەو مەرجانەى حکومەتى هەرێم ناکرێت لە پەرلەمان تێپەڕێنرێن.

 

موسەوى باسى لەوەشکردووە، ژمارەیەک ئەندامى پەرلەمان هەوڵدەدەن فشار بکەن لەسەرۆکایەتى پەرلەمان بۆ ئەوەى گفتوگۆى هیچ کۆبوونەوەیەک نەکرێت تا بودجە نەخرێتە بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکانەوە.

 

دەشڵێت "ناکرێت هەموو شتێک بە تەوافوق تێپەڕێت چونکە هۆکارى شکستى دەوڵەتى عێراق بووە لە ساڵى 2003 ەوە تا ئێستا".

 

پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ کارنامەى دانیشتنى سبەینێی بڵاوکردەوە و پرسی دەنگدان لەسەر بودجەى تێدا نییە، لەکاتێکدا پێشتر سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاندبوو دەخرێتە کارنامەى کۆبوونەوەکەوە.    

 

شیروان میرزا ئەندمى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکە دوا کۆبوونەوە دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەى ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژەى بودجە، دانەنانى پڕۆژەکەش بۆ دەنگدان لەسەرى بەهۆى چارەسەرنەکردنى کێشەکانەوە بووە لەسەر پرۆژەکە.  

 

شیروان میرزا ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" رایگەیاند، هێشتا کێشەکان لەسەر ماددەى 11 ى پڕۆژەکە و چەند ماددەیەکى دیکە چارەسەر نەکراون، لیژنەى دارایی لەرۆژانى داهاتوودا دوایین کۆبوونەوە دەکات بۆ یەکلایکردنەوەیان.  

  

وتیشى "دانەنانى بڕگەى تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە لەدانیشتنى سبەینێ، دوایین دەرفەتە لەبەردەم لیژنەى دارایی و لایەنە ناکۆکەکان، تا کێشەکانیان چارەسەر بکەن، پێش ئەوەى پڕۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە".  

  

لەبارەى ئەگەرى چارەسەرى کێشەى تایبەت بە پشکى هەرێم، شیروان میرزا باسى لەوەکرد، ئەگەرچى هێشتا پێشنیازێکى دیاریکراو نییە لەو بارەیەوە، بەڵام ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکرێت.  

 

تا ئێستا دیار نییە کەى پڕۆژەى بودجە دەخرێتە بەرنامەى کارى دانیشتنەکانى پەرلەمانەوە بۆ دەنگدان لەسەرى، دواى ئەوەى نەخرایە کۆبوونەوەى سبەینێ وە.

 

قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم (یەکشەممە 14ى ئازارى 2021) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق باسى لەوەکردووە، پێشتر ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتى عێراقیدا هەبووە و هەمان ڕێکەوتن خراوەتەوە پرۆژە یاساى بودجەى 2021ەوە.

 

ڕونیشیکردوەتەوە، دواتر پرۆژە یاساکە نێردراوە بۆ پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەى دارایى پەرلەماندا گفتوگۆ کراوە، تائێستاش هیچ پێشنیازێکى شوێنگرەوە بۆ ئەو پێشنیازە نییە کە تایبەت بە پشکى هەرێم لە پرۆژە یاساکەدا دانراوە، لە ئەنجامدا دەبێت یاساکە لەلایەن حکومەتى ناوەندى و هەرێمەوە جێبەجێ بکرێت.

 

جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم سەبارەت بە باشترین پێشنیاز باسى لەوەکردووە "پێشتر چەندین جار وتومانە کە بۆ ئاڕاستەکردنى بارودۆخى ئابوریى و دارایى حکومەتى فیدراڵ بەرەو ڕێگەیەکى دروست، پێویستە یاسایەک هەبێت کە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، پێمانوایە ئەو دەقەى کە حکومەتى عێراق ڕەزامەندى لەسەر داوە باشترین دەقە و دەتوانرێت لەلایەن هەردولاوە جێبەجێ بکرێت".

 

سەبارەت بەوەى گوایە هەرێم بۆ ماوەى 50 ساڵ نەوتى بە تورکیا فرۆشتووە قوباد تاڵەبانى ڕەتیکردەوە و وتى، "ئەوەى دەوترێت لەو بارەیەوە راست نییە، ئەوەى لە ڕێکەوتنەکەدا هەیە گواستنەوە و بەبازاڕکردنى نەوتە لە ڕێگەى خاکى تورکیاوە، هەروەها حکومەتى فیدراڵیش هەمان جۆر ڕێکەوتنى هەیە".

 

لە بەشێکى ترى لێدوانەکەیدا قوباد تاڵەبانى وتیشى "لە گفتوگۆکان لەگەڵ وەزیرى نەوتى عێراق داوامان کردووە کۆمپانیایەکى بەبازاڕکردنى فیدراڵى دروست بکرێت کە هەموو پێکهاتەکانى تێدا بێت و لەو چوارچێوەیەشدا نوێنەرانى هەرێم هەبن، ئەگەر نەوتى هەرێم لە ڕێگەى سۆمۆوە بفرۆشرێت".