گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

داوادەکرێت ’’ئەنجومەنی سیاسیی کوردستان’’ پێکبهێنرێت

2021.03.13 - 22:09
App store icon Play store icon Play store icon
داوادەکرێت ’’ئەنجومەنی سیاسیی کوردستان’’ پێکبهێنرێت

ناس کورد-

یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازکرا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستان، "ئەنجومەنی سیاسیی کوردستان" بە بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم پێکبهێنرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یەکێتی نەتەوەیی کوردستان YNDK (شەممە 13ی ئازاری 2021) لە هەولێر کۆبووەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەش ڕاگەیەنراویکی بڵاوکردەوە و ڕاگەیاند، "لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ” ناوەندى سیاسیى کوردستان پەرش و بڵاو و لێکترازاوە، بۆیە بە پێویستی دەزانین ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوە، بۆ ئەمەش پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) کە تەواوى هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتەخۆ بەگرنگ دەزانین".

 

دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان

 

ئەمڕۆ شەممە 13 / 3 / 2021 كۆمیتەی سەركردایەتيی (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كارو خەباتی YNDK كرا:

 

باشوور كوردستان: ئێمە لە YNDK واى دەبینینەوە کەوا ناوەندى سیاسیى کوردستان پەرش و بڵاوو لێکترازاوە، بۆیە بە پێویستی دەزانین كە بەزووترین كات ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوە، بۆ ئەمەش پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتەخۆ بەگرنگ دەزانین، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەى کەوا هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا، كەوا ئێستا داگیرکەرانى کوردستان لە هەموو لایەكەوە كوردستانيان گەمارۆداوە، بێگومان ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلى کوردستان، ئەم پیلانانە دەمێکە کارى لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنى دەدرێت، بێگومان یەکڕیزى و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکن بۆ هەڵوەشاندنەوەو پوچەڵکردنەوەى ئەم پیلانانە و هەوڵە نەزۆکەکانى دوژمنان و ناحەزانمان.

 

سەبارەت بە شێوازى بەڕێوەبردنى کوردستان: YNDK ئەنجامدانى چاکسازییەکى گشتگیر لە تەواوى بوارەکانى بەڕێوەبردنى کوردستان بەپێویست دەزانێت و، داواکارە حکومەتى کوردستان تەواوى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان بەشێوەیەکى سەردەمییانە سیستماتیک بکات و، ببێتە حکومەتى هەموو خەڵکى کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلدرێت و حکومەت لەسەر هەموو ئاستەکاندا یەکبخرێتەوە، هەموو لایەکمان چاوەڕوانین کەوا حکومەتى کوردستان هەنگاوى باش بنێت بۆ‌ پێشکەشکردنى خزمه‌تگوزارى زیاترو نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسى و ئابوورى و حزب حزبێنه‌ و نایه‌كسانی، هەروەها پێویستە حکومەتى کوردستانە ئاوڕی زیاتر له‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌نشینان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بداته‌وه‌ و مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆيدا بۆ خەرج بکات و كاربكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌وره‌ها پێویستە كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك و مه‌خموور و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ بكات كه‌ به‌پیلانێكی نه‌گریس كه‌وتنه‌ بنده‌ستی سوپای داگیرکەرى عێراق.

 

سەبارەت بە مامەڵەکردنى حکومەت لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییەکانى کوردستان : پێویستە حکومەتى کوردستان بەشێوەیەکى یەکسان و دادپەروەرانە مامەڵەیەکى تەندروست لەگەڵ تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بکات و بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ بۆردێکى تایبەت دروست بکرێت کە ببێتە خاڵى پەیوەندى نێوان حکومەت و حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان.

 

باكووری كوردستان: ئێمە لە YNDK پشتیوانی خۆمان بۆ خەباتى باکوور رادەگەیەنین و، ئیدانەى تەواوى ئەو دەستدرێژیانەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا دەکەین کەوا دەیکاتە سەر پەرلەمانتارانى کورد و شارەوانییەکان و چالاکوانة مەدەنییەکان، ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا ئەو راستییە دەسەلمێنن کەوا تورکیا دژى هەرجۆرە خەباتێکى مەدەنى و پەرلەمانى و سیاسییە لە باکوورى کوردستاندا، سیاسەتى دوژمنانەى تورکیا بەرامبەر گەلى کوردستان ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا تورکیا دژى هەر داواو دەسکەوتێکى گەلى کوردستانە جا لە هەر بەشێکى کوردستان بێت،  داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین دژى ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا بیدەنگ نەمێنن، سەرەڕاى ئاستەنگەکانى بەردەم خەباتى نەتەوەکەمان لە باکوور پێشڤەچوونى بەرچاویش وەدیهاتوون، خۆشحاڵین بەپێشڤەچوونەكانی خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات و, هيوادارين ببێتە فاكتەری سەرەكی پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر و گەیشتن بە مافە رەواکانى نەتەوەکەمان.

 

رۆژهەڵاتی كوردستان: YNDK هەوڵەكانی لەیەكدی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی ئەو بەشەی وڵات بەرز دەنرخێنێت و, بە گرنگی دەبینێت كە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی وڵات كار بكەن بۆ كۆكردنەوەی هێزو تواناكانیان و، بەرەیەكی سیاسی بەرفراوان کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵات بگرێتەخۆ لە نێوان خۆیاندا پێكبهێنن، بۆئەوەی ئامادە بن بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێک كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو روودەدەن، لەهەمان كاتدا سڵاوو رێز دەنێرین بۆ زیندانييانی سیاسی لە زیندانەكانی ئێران و خەبات و بەرخودانیان بەرز دەنرخێنین و، داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین كەوا هەوڵبدەن گیانی چالاکوانان لە زیندانەکانى ئێران لە مردن رزگار بكەن و، پاڵەپەستۆ بخەنە سەر رژێمى ئێران کەوا چیتر گەنج و چالاکوانانى کورد لە سێدارە نەدات.

 

رۆژئاوای كوردستان : YNDK جارێكی دیكە پشتیوانی خۆی بۆ خەبات و تێکۆشانى رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنێت و، پێشڤەچوون و سەرکەوتنەکانى رۆژئاواى کوردستان بەرز دەنرخێنێت و، بە گرنگی دەزانێت تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشەی وڵات یەكڕیزو یەكدەنگ بن و بەیەكەوە كاربكەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن و، لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و خۆیان لەهەر گرژی و ناكۆكییەك بپارێزن، لەهەمان کاتدا تەواوى هێرش و پەلامارو دەستدرێژییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان ئیدانە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین کەوا لە بەرامبەر تورکیادا هەڵوێست وەربگرن.

 

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان: YNDK جەختدەكاتەوە سەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بەبەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن و, بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا بەئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانێت و، وەک هەنگاوێك بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن لێیدەڕوانێت.

 

عێراق: YNDK پێیوایە هیچ گۆڕانکارییەگى پۆزەتیف لە سیاسەت و هەڵسوکەوتى دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ کوردستان رووینەداوە، دژایەتیکردنى خواستەکانى گەلى کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامە، ئەم رەوشەی كەوا ئێستا عێراق پێیدا گوزەر دەكات بەرەنجامی عەقلیەتی تاكڕەوی و دكتاتۆرییەتە كە حكومەتی تائیفى و مەزهەبى لە ساڵانی رابردوو و لە ئێستادا هۆكاری هێنانە ئارای ئەم عەقلیەت و رەوشە نەخوازراوە بوون، بە باوەڕی ئێمەو بەپێی ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق دەگەینە ئەو راستییەی كەوا متمانە بە دەسەڵاتەكانی عێراق نەكەین، بێگومان دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەڵاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت و، روانینى زۆربەیان هەمان روانینى حکومەتەکانى رابردووە بۆ چارەسەرى پرسى کورد ! زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق لۆژیکى خۆبەزلزانین و سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن، ئەم روانين و پەراوێزخستنانەیان بۆ کورد پەیامێکن بۆ هەموو لایەک کەوا تائێستاش گەلى کوردستان هەڕەشەى لەسەرە و پێویستى بە پاراستن هەیە بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە ناکۆکى و دووبەرەکى بخەینە لاوەو بە یەکڕیزى و یەکدەنگى رووبەڕووى ئەم هەڕەشانە ببینەوە.

 

رەوشی ناوچەكە: YNDK پێیوایە رۆژهەڵاتی ناڤین لە رەوشێكی پڕ ناسك و هەستیارو ئاڵۆزدایەو رۆژ بە رۆژ ئەگەرو پێشهاتی نوێ‌ دێنە پێشەوەو، ئەو ئەگەرو پێشهاتانە كاریگەری خۆیان دەبێت بۆ سەر رەوشى ئێستاى کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەكانی ناوچەكە، بەداخەوە ئێمەى گەلى کوردستان بەهۆى ململانێى سیاسیى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەرنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانیمان نیە بۆ چۆنیەتى مامەکردن لەگەڵ پێشهاتەکاندا، بۆیە پێویستە ئێمەش وەکو گەلى كوردستان سوود لەو دەرفەتە وەربگرین و کارنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژین، هەروەها پێویستە برایانمان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان كارو خەباتی خۆیان خورت بكەن و بەرەو رزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن، لە هەمان كاتدا وای دەبینین كەوا دەكرێ لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییانەى کەوا دێنە پێشەوە سوود وەربگرین بۆ كاركردن بۆ بە ئەنجامگەیاندنى ئەنجامى ریفراندۆم و کارکردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

 

هەروەها لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا باس لە كاروخەباتی YNDK لەماوەی رابردوودا كراو، كارنامەیەكیش بۆ كارو خەباتی داهاتووی YNDK دانرا، ئەمەو كۆبوونەوەكە سەركەوتووانە كۆتایی بە كارنامەی خۆی هێنا.

 

كۆميته‌ى سه‌ركردايه‌تيى

 

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

 

13 / 3 / 2021  هەولێر – باشووری كوردستان