ناس کورد-
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ هەینی ڕەشەبا و خۆڵبارین و شەپۆلێکی بارانبارین بەشێک لە ناوچەکانی عێراق بگرێتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە هەر لەسەر لەبەیانییەوە دەرکەوتووە و بەگوێرەی پێشبینییەکان پلەکانی گەرمیش ڕوو لە دابەزین دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نائل ئەلعەلی، شارەزای کەشناسیی عێراقی (هەینی 12ی ئازاری 2021) بڵاویکردووەتەوە، " بەگوێرەی پێشبینییەکان، ڕەشەبایەکی خۆڵبارین یان لانی کەم تەپوتۆزی مامناوەند بۆ قورس، ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دەگرێتەوە بە تایبەتی لە پاش نیوەڕۆی هەینیدا."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "چالاکی بای بەرز ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوا دەگرێتەوە کە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا 60 کم تێپەڕ دەکات و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوریش لە نێوان 40 بۆ 60 کم دەبێت، هەروەها هەورەبروسکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشەکانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکان دەبێت و لە بەشەکانی ڕۆژئاواش بەشێوەیەکی کەمتر ڕوودەدات."
هاوکات بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ لەبەشیکی زۆر لەناوچەکانی هەرێم باران بەبڕی جیاواز دەبارێت و لەدوای ئێوارەوە کۆتایی دێت.
هەر لەوبارەیەوە حسێن ئەسەدی، شارەزای کەشناسی هۆشداری بە هاووڵاتیان داوە لەوەی، کەشوهەوای ئەمڕۆ بەهۆی خۆڵبارینەوە گونجاو نییە بۆ گەشت و چوونەدەرەوە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین و هەروەها کاریگەرییەکانی تۆز و خۆڵبارینەکە لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و دروستبوونی هەستیاری.