ناس کورد-
پۆلیسى هەولێر رایگەیاند، هۆکارى هەوڵدانى پیاوێک بۆ کوشتنى هاوسەرەکەى و هەڕەشەى کوشتن لەبەڕێوەبەرى قوتابخانەیەک کێشەى "خێزانى" بووە و لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رووداوەکە رۆژى سێشەممە روویداوە، کاتێک پیاوێک بەناوى (گ.ع.م) چووەتە سەر قوتابخانەیەک و بەوتەى پۆلیس هەوڵى کوشتنى هاوسەرەکەیداوە و هەڕەشەى کوشتنى لە بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەش کردبوو.
هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، هۆکارى کێشەکە "خێزانى" بووە، بەبێ ئەوەى رونکردنەوەى زیاتر لەو بارەیەوە بدات.
بەپێی ئەو وێنانەى پۆلیس دواى دەستگیرکردنى ئەو کەسە بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسە دەمانچەیەک و مەخزەنێکى پڕ لە فیشەک، دوو مەخزەنى دیکەى پڕ لە فیشەکى کڵاشینکۆفى پێ بووە، لەگەڵ جلوبەرگى تایبەت بە هەڵگرتنى مەخزەن، کە بەوتەى پۆلیس سەرجەمیان 83 فیشەک بوون.
هۆگر عەزیز وتى "تۆمەتبارەکە کە هیچ فیشەکێکى نەتەقاندووە بە چەك رووبەڕووی هێزەكانی پۆلیس ببووەوە، بەڵام هەر زوو قۆڵبەستیان كردووە".
وتيشى لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە لەو بارەیەوە، بۆیە ناتوانن هیچ زانیارییەکى دیکە لەو بارەیەوە ئاشکرا بکەن.
دواى دەستگیرکردنى، تۆمەتبارەكە کە ئۆتۆمبێلێکى تاکسى پێبووە، رادەستی بنكەی پۆلیسی راپەڕین كران بە مەبەستی گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەرى.
فەرمان محەمەد بەڕێوەبەرى بەرێوەبەرایەتى توندوتیژى دژى ژنان لە هەولێر بە "ناس کورد" ى راگەیاند، تا ئێستا ئەو کەیسە رادەستى ئەوان نەکراوە و لەلایەن پۆلیسى هەولێرەوە لێکۆڵینەوەى لەسەر دەکرێت.
وتیشى دواى تەواوبوونى لێکۆڵینەوەکانى پۆلیس و بەپێی تایبەتمەندییان، کەیسەکانى پەیوەست بە توندوتیژى بەرانبەر ژنان رادەستى ئەوان دەکرێت.
ئەمە دووەم حاڵەتى لەو شێوەیەیە لە هەولێر لەماوەى مانگێکدا، رووداوەکەى پێشوو مانگى رابردوو روویدا کاتێک ژنێک لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا، دواى یەک مانگ لە هاوسەرگیرییان.
ژنەکە ناوى دونیا بووە و تەمەنى 25 ساڵە، شەوى سەرى ساڵ هاوسەرگیریی کردبوو، بەڵام دواى یەک مانگ لە هاوسەرگیریی نێوانیان لەلایەن پیاوە 32 ساڵانەکەیەوە کوژرا.