گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى هەرێم هەڵسەنگاندنى نوێ بۆ دۆخى کۆرۆنا و خوێندن دەکات

2021.03.09 - 15:00
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستى هەرێم هەڵسەنگاندنى نوێ بۆ دۆخى کۆرۆنا و خوێندن دەکات

ناس کورد- 

 

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم هەڵسەنگاندنى خۆى بۆ دۆخى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا ئامادەکرد و سبەینێ دەیخاتە بەردەم کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى رووبەڕوونەوەى کۆرۆنا بۆ بڕیاردان لەسەرى.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیارە سبەینێ (10ی ئازاری 2021) لیژنەکە کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى دوایین رەوشى کۆرۆنا، دواى هەڵکشانى ئامارەکان و پرسی بەردەوامى یان راگرتنى پڕۆسەى خوێندن.

 

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتى تەندروستى ( 9ی ئازاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ " ناس کورد" ڕایگەیاند "ئامارەکان و داتاکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دڵخۆشکەرنیین، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، هاوڵاتیان خۆیان ناپارێزن و بەشێکی زۆریان دەستبەرداری ڕێکارەکانی بەرگرتن بوون لەپەتاکە".

 

وتیشی "ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسە گۆڕاوەکە زۆر زیادی کردووە، لەئێستادا پشکی شێر لەتوشبووانی کۆرۆنا توشبووی ڤایرۆسە گۆڕاوەکەن، حاڵەتی توشبوونی منداڵانیش بە توخمە نوێیەکە لە نێومنداڵاندا تۆمارکراوە، بەڵام تاڕادەیەک، دەتوانیین بڵێین ڕێژە تائێستا مەترسیدار نییە".

 

لە بارەی پلان و پێشنیاری وەزارەتەکەی سەبارەت بە کۆبوونەوەی سبەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بە تایبەتی ڕەوشی خوێندن، حەوێزی وتی "ئێمە هەڵسەنگاندنی خۆمان بۆدۆخەکە ئامادەکردووە، بڕیاری کۆتایش لای لیژنەی باڵای ڕوبەروبوونەوەی کۆرۆنایە، ئەوان بڕیار دەدەن پرۆسەی خوێندن  بەردەوام بێت یان ڕابگیرێت".

 

لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان سەرەتاى ئەم مانگە چەند بڕیارێکى نوێی دەرکرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاکە دواى هەڵکشانى ئامارەکان.

 

رەهێڵ فەرەیدوون بریکارى وەزارەتى تەندروستى ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" رایگەیاند، وتیشى "ئەگەر رەوشەکە وەک ئەمڕۆ بێت، تەسەوردەکرێت رێوشوێنەکان وەک ئێستا بمێننەوە لەگەڵ توندکردنەوەى بەشێکیان، بەڵام هێشتا ئەوە بەتەواوى دیار نییە چونکە نازانین لەچەند رۆژى داهاتوودا چى روودەدات".  

  

لەبارەى خوێندنەوە، رەهێڵ فەرەیدوون وتى "قوتابخانەکان بەرەو کۆتایی وەرزى یەکەم و تاقیکردنەوەکان دەچن، بۆیە تەسەودەکەم هەڵسەنگاندنەکان و هەر بڕیارێک کە بدرێت بۆ کۆرسى دووەم بێت".