گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێشەیەکى دیکە بەرۆکى بودجە دەگرێت

دوا پێشنیاز لەسەر پشکى هەرێم لە بودجە ’’زۆرینەى شیعە و کورد و سوننە ڕازین’’

2021.03.09 - 11:37
App store icon Play store icon Play store icon
دوا پێشنیاز لەسەر پشکى هەرێم لە بودجە ’’زۆرینەى شیعە و کورد و سوننە ڕازین’’

ناس کورد-

 

پەسەندکردنى بودجەى عێراق بەستراوەتەوە بەتێپەڕاندنى پڕۆژەى دادگاى فیدراڵى یەوە، کە بە بەربەستێکى نوێی بەردەمى دادەنرێت، لەکاتێکدا پەرلەمان وادەى دەنگدانى لەسەرى دیاریکردووە و "زۆرینەى شیعیش" دوا پێشنیازیان لەسەر پشکى هەرێم ئامادەکردووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوێنێ سێشەممە سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق دەنگدانى لەسەر پڕۆژەى بودجە خستە بەرنامەى کارى کۆبوونەوەى دووشەممەوە، لەکاتێکدا هێشتا کێشەى پشکى هەرێم بەتەواوى چارەسەر نەکراوە.

 

جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، شیعەکان لەئێستادا پێشنیازێکیان گەڵاڵەکردووە لەسەر پشکى هەرێم، کە "کورد و سوننە و زۆرینەى شیعە پێی رازین".

 

رونیشیکردەوە، بەپێی پێشنیازەکە هەرێم دەبێت 460 هەزار بەرمیل رادەستى بەغدا بکات، دواى لێدەکردنى بەشى بەکارهێنانى ناوخۆ، لەبەرانبەر پێدانى شایستەى دارایی کۆمپانیاکان لەلایەن بەغداوە، لەوەشدا هەر 250 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە.

 

جەمال کۆچەر باسى لەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە ئەو پێشنیازە لەکاتى دەنگدان لەسەر بودجە کێشەى لەسەر دروستبێت، بەتایبەتى کە هەندێ کوتلەى شیعى پێی رازى نین، بەڵام ئەگەرى تێپەڕاندنى پێشنیازەکە هەیە.

 

دیاریکردنى وادەى دەنگدان لەسەر پڕۆژەى بودجە هاوکاتە لەگەڵ مشتومڕ و ناکۆکى توندى نێوان فراکسیۆنەکان لەسەر پڕۆژە یاساى دادگاى فیدراڵى کە پەرلەمان دەنگى لەسەر چەند ماددەیەکى پڕۆژەکە داوە.

 

جەمال کۆچەر وتى "پێدانى پڕۆژەى بودجە بەستراوەتەوە بە تێپەڕاندنى یاساى دادگاى فیدراڵى، ئەوەش پێدەچێت پەسەندکردنى پڕۆژەکە کەمێک دوا بخات، بەتایبەتى کە لایەنەکان ناکۆکن لەسەر بەشێک لە ماددەکانى پڕۆژەکە".

 

ناکۆکییەکان پەیوەستن بەو ماددانەى پەیوەندیدارن بە چۆنیەتى یەکلاکردنەوەى بڕیارەکانى دادگاکە کە بەرزترین دەسەڵاتى دادوەرى هەیە لە عێراق و تایبەتمەندە بە یەکلاییکردنەوەى کێشەى نێوان دەسەڵاتەکان.

 

بەپێی پڕۆژەکە، دادگاى فیدراڵى لە نۆ ئەندام پێکدێت، پێنج ئەندامى شیعە، دوو کورد و دوو سوننە.

 

جەمال کۆچەر وتى "فراکسیۆنەکانى دیکە دەیانەوێت بڕیارەکانى دادگاکە بەدەنگدان و بەبێ کورد تیپەڕێت، ئێمەش بەوە رازى نین".

 

بەپێی ماددەى 12 ى پڕۆژەکە، بڕیارەکانى تایبەت بە داواى گشتى بە رێککەوتن یان زۆرینە، دوو لەسەر سێ بۆ کێشەکانى هەرێم و بەغدا و پارێزگاکان، سێ لەسەر چوارى تایبەت بە دەستوری بوونى یاساکان دەردەکرێن بەڵام فراکسیۆنەکان ناکۆکن لەو بارەیەوە.

 

فەرهاد عەلادین سەرۆکى ئەنجومەنى راوێژکارى عێراقى لە وتارێکدا کە "ناس کورد" خوێندنەوەى بۆ کردووە دەڵێت، ناکۆکییەکان پەیوەستن بە چۆنیەتى پاڵاوتن و بەشداریکردنى شارەزاکان لەدادگاکە، لەگەڵ چۆنیەتى یەکلاکردنەوەى بڕیارەکان.

 

باسى لەوەشکردووە، فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ ئەوەدان بڕیارەکانى پەیوەست بە هەر کێشەیەکى نێوان هەرێم و بەغدا بە کۆدەنگى بێت نەک بە زۆرینە.