ناس کورد-
وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، گوژمەیەکى ترى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا دەگاتە هەرێمى کوردستان و بەگوێرەى رێنماییەکان دابەش دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان (9ى ئازارى 2021) لە لێدوانێکى بۆ میدیاى فەرمى پارتى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاند، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو وەجبەی دووەمی ڤاکسین بگاتە ھەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 180 ھەزار ڤاکسین دەبێت و بەپێی رێنماییەکان دابەش دەکرێن.
وتیشى، دوای ئەوەی وەجبەی یەکەمی ڤاکسین گەیشتە ھەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی کرا و بەکار ھات، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو حکومەتی عێراق وەجبەی دووەمی ڤاکسین بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات، چونکە حکومەتی عێراق ڤاکسینی کڕیوە و پشکی ھەرێمی کوردستانیش لەو ڤاکسینەدا ھەیە.
رونیکردەوە، ھەر کاتێک ڤاکسینەکە گەیشت، ئەوکات بەپێی رێنماییەکان دەست بە دابەشکردن و بەکارھێنانی ڤاکسینەکە دەکرێت.