ناس کورد-
وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا بەکارهێنانى ڤاکسین لە هەرێم هیچ کاریگەرییەکى مەترسیدارى نەبووە و پێدانى ڤاکسین بەردەوامە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رەهێڵ فەرەیدوون بریکارى وەزارەتى تەندروستى ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" رایگەیاند، بەکارهێنانى ڤاکسین وەک هەر پێکوتیەکى دیکە کۆمەڵێک کاریگەرى دەبێت، بەڵام تا ئێستا پێدانى ڤاکسین لەهەرێم هیچ کاریگەرییەکى مەترسیدارى نەبووە لەسەر ئەوانەى پێیان دراوە.
وتیشى "کاریگەرییەکان بریتین لە بێتاقەتییەکى کاتى و هەندێکجار بوونى تا، وەک هەر کوتانێکى دیکەى ئاسایی کە ئەوانەى وەریدەگرن بەسوکى توشى دەبن و چارەسەر وەردەگرن".
(دووى ئازارى 2021) یەکەم کاروانی ڤاکسینی دژ به ڤایرۆسی کرۆنا (COVID-19 ) گەیشتە ههرێمی کوردستان. ڤاکسینەکە جۆری سینۆفاڕم "Sinopharm" ی چینیە کە بەشێوەی بەخشین لەلایەن کۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێم (چوارشەممە 3ى ئازارى 2021) بە فەرمی بڕیاری دا بە بەدابەشکردن و پێدان و بەکارهێنانی ڤاکسینەکە، بۆ رۆژى دواتر یەکەم کەس لە هەولێر بە ڤاکسین کوترا.