گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوایین هەڵسەنگاندنى تەندروستى بۆ رەوشى کۆرۆنا و ئەگەرى داخستنەوەى قوتابخانەکان

2021.03.07 - 21:38
App store icon Play store icon Play store icon
دوایین هەڵسەنگاندنى تەندروستى بۆ رەوشى کۆرۆنا و ئەگەرى داخستنەوەى قوتابخانەکان

ناس کورد-

 

بریکارى وەزارەتى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، ئەگەر رەوشى ئامارەکانى کۆرۆنا وەک ئێستا بێت، رێوشوێنەکانى ئێستا دەمێننەوە لەگەڵ توندکردنەوەى بەشێکیان، هەڵسەنگاندن و بڕیارى نوێش بۆ خوێندن دەکەوێتە وەرزى دووەم.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیارە چوارشەممەى داهاتوو لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان کۆبێتەوە و دوایین هەڵسەنگاندنى رەوشى کۆرۆنا بکات و بڕیارى نوێ دەربکات، بەتایبەت لەبارەى پڕۆسەى خوێندنەوە.

 

رەهێڵ فەرەیدوون بریکارى وەزارەتى تەندروستى ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" رایگەیاند، هێشتا هیچ پێشنیازێک بۆ کۆبوونەوەکە ئامادە نەکراوە، هەمان رۆژى کۆبوونەوەکە وەزارەتى تەندروستى پێشنیازەکان ئامادە دەکات و دەیخاتە بەردەم کۆبوونەوەکە.

 

وتیشى "ئەگەر رەوشەکە وەک ئەمڕۆ بێت، تەسەوردەکرێت رێوشوێنەکان وەک ئێستا بمێننەوە لەگەڵ توندکردنەوەى بەشێکیان، بەڵام هێشتا ئەوە بەتەواوى دیار نییە چونکە نازانین لەچەند رۆژى داهاتوودا چى روودەدات".

 

لەبارەى خوێندنەوە، رەهێڵ فەرەیدوون وتى "قوتابخانەکان بەرەو کۆتایی وەرزى یەکەم و تاقیکردنەوەکان دەچن، بۆیە تەسەودەکەم هەڵسەنگاندنەکان و هەر بڕیارێک کە بدرێت بۆ کۆرسى دووەم بێت".

 

لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان سەرەتاى ئەم مانگە چەند بڕیارێکى نوێی دەرکرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاکە دواى هەڵکشانى ئامارەکان. 

 

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم دواى کۆبوونەوەى لیژنەکە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بڕیاردراوە بە توندترکردنی رێکاره‌ خۆپارێزییه‌کان تا 10ی ئازار، دواتر جارێکى تر کۆدەبنەوە بۆ هەڵسەنگاندنى دۆخەکە.  

 

لەبارەى پڕۆسەى خوێندنەوە وتى "بڕیاردراوە خوێندن به‌رده‌وام بێت، بژاردەى داخستن هەبوو، بەڵام ئەم 10 رۆژە خوێندن بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە، هەرکاتێک زانیمان رێژەى توشبوون زیاد بووە رێکارى توندتر وەردەگیرێت".  

 

جوتیار عادل جەختیکردەوە، دۆخەکە مەترسیدارەو رێژەى توشبوون لەبەرزیدایە، ئەگەر رێژەکەش بەرزتر بوو ناچارن بڕیارى توند وەربگرن، هەموو ئەگەرەکانى وەک داخستنى قوتابخانە و قەدەغەى هاتوچۆ کراوەیە.