ناس کورد
لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە ویلایەتی ڤێریجینای ئەمریکا 12 کەس کوژران و چواری تریش بریندار بوون کە برینی بەشێکیان سەختە.
.
روداوەکەی ئێوارەی رۆژی ڕابردوو 31ی ئایاری 2019 ڕویدا، تێیدا کەسێک بەچەکەوە چووەتە ناو یەکێک لە بینا حکومیەکانی شاری "ڤێرجینیای بیچ" و بەشێوەی هەڕەمەکی تەقەی لە کارمەندانی ناو بیناکە کردووە.
.
بەپێی وتەی پۆلیسی شارەکە لە کاتی ڕوداوەکەدا ژمارەیەک ئەفسەری پۆلیس ڕووبەڕوی چەکدارەکە بوونەتەوە و برینداریان کردووە کە دواتر بە هۆی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
.
جێمس سێرڤێرا فەرماندەی پۆلیسی ڤێرجینای بیچ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، تەقەکەرەکە چووەتە ناو بینای شارەوانی شارەکە و لە هەر سێ نهۆمی بیناکەدا تەقەی لە کارمەندەکان و ئەو کەسانە کردووە کە بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکانیان سەردانی بیناکەیان کردووە.
.
پۆلیس ناسنامەی تەقەکەرەکەی ئاشکرا کردووە، کە ئەندازیارێکی تەمەن 40 ساڵەو، کارمەندی شارەوانی بووە و لە بەشی خزمەتگوزاری گشتی کاری کردووە دوای ڕوبەڕوبونەوەی لەگەڵ پۆلیس کوژراوە.
.
پۆلیس دوو جۆر چەکی لە شوێنی تەقەکردنەکەدا دۆزیوەتەوە کە یەکێکیان دەمانچەیەکی کالیبەری 45 بووە، بە پێی یاسا کارپیکراوەکانی ئەو ویلایەتیە هاوڵاتیان دەتوانن بە چەکەوە بچنە ناو بینا حکومیەکانەوە.
.
ڤێرجینیای بیچ، شارێکی کەناراوییە لە باشوری ویلایەتی ڤێرجینیاوە و روادوی هاوشێوە پێشتر تییدا ڕووی نەداوە.