ناس کورد-
لە کاتی سەردانی پاپا فرانسیس، ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان بۆ هەولێر، بەپرسانی حکومەت و نوێنەری ئاینە جیاوازەکان پێشوازییان لە پاپا کرد، بوونی کەسایەتییەکی جولەکە بە کڵاوی تایبەتی خۆیانەوە سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، ئەو کەسەی کە کڵاوێکی تایبەت بە ئاینی جولەکەى لەسەربوو و لە ڕیزی پێشوازیکەرانی پاپاتدا وەستابوو ناوی (شێرکۆ)یە و نوێنەری جولەکەکانە لە وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان.
مەریوان نەقشبەندی، شارەزا لە کاروباری ئاینی (7ی ئازاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ " ناس کورد" ئاشکرایکرد، "شێرکۆ لە دایکبووی شاری (کۆیە)یە، هەر لەو شارەش نیشتەجێیە و بەدرێژایی ژیانیشی هەر لە هەرێمی کوردستاندا ژیاوە و بەهیچ شێوەیەکش نەچووەتە دەرەوەی هەرێم، و لە ساڵی 2015ەوە نوێنەرایەتی جوەکانی هەرێمی کوردستان دەکات هاوشێوەی نوێنەرایەتییە ئاینیەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی ئەوقاف وەک ئیزدی، بەهائی، زەردەشتی و سابیئی".
بوونی ئەو کەسایەتییە جولەکەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لەیەن گروپە چەکدارییە شیعەکان زۆر بڵاوکرایەوە کە گوایە هەرێمی کوردستان کەسێکیان لە ئاینی جولەکە و لە ئیسرائیلەوە هێناوە بۆ پێشوازی پاپا.