ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەبۆنەی 30-هەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی خەڵکی سلێمانی پەیامیکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە داهاتوودا بە خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی وەڵامی ماندووبوونی خەڵکی سلێمانی دەدەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبوکی فەڕمی خۆی (7ی ئاداری 2021) کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی خەڵکی سلێمانی لەساڵی 1991، ڕایگەیاند، "لەیادی ئازادبوونی شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری هەمیشە پێشەنگ و ڕچەشكێن، شاری وەفادار و بەئەمەك، شارێك كە هەمیشە تینووی ئازادی و پڕ لە قەڵەم و دەنگی بوێربووە، پیرۆزباییەكی گەرم لە خەڵكی خۆشەویستی ئەم شارە پڕ لە وزە و داهێنانە دەكەین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "مێژووی زێڕین و پڕ لە سەروەری سلێمانی دەیسەلمێنێت كە هەمیشە شارەكە سەرمەشقی قارەمانێتی و كوردایەتی و نیشتمانپەری بووە. مێژووی سلێمانی لێوڕێژە لە داهێنان و نوێگەری، لە خەڵكی ڕچەشكێن و ئازا و ئازاد."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێمە خەباتی بێوچانی خەڵكی بەئەمەكی سلێمانی لەیاد ناكەین و بەرامبەر قارەمانێتی و قوربانییەكانیان وەفادەر دەبین. خزمەتكردنیان بە ئەركی خۆمان دەزانین و باشتركردنی گوزەرانیان بە كاری لەپێشینەمان دادەنێین."
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، "ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژی وەفادارییە بەرامبەر خوێنی هەزاران شەهیدی ڕێگای ئازادی، ڕۆژی دووپاتكردنەوەی پەیمانی لەمێژینەمانە بەرامبەر ئەو خەڵكە دڵسۆزەی لەهیچ بارودۆخێكدا پشتیان لە یەكێتییەكەی مام نەكرد. ئێوەبوون لە ڕابردوودا سەرتۆپی شۆڕش و فیداكاری بوون، ئێمە دەبین لە داهاتوودا بە خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی وەڵامی ماندووبوونتان دەدەینەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە، "یادی راپەڕینە مەزنەكەی سلێمانی پیرۆزبێت و رۆحی شەهیدانی كوردستان ئارام بێت."