گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پڕۆژەیەک بۆ هەرزانکردنی نرخی دەرمان پێشکەشدەکات

2019.05.31 - 23:04
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پڕۆژەیەک بۆ هەرزانکردنی نرخی دەرمان پێشکەشدەکات
ناس کورد- لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پڕۆژەیەکی بۆ هەرزانکردنی نرخی دەرمان پێشکەشدەکات و گلەیی لەوە دەکات ئەو نرخەی وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای دەرمانسازان بۆ دەرمان دیاریان کردووە دوو هێندەی ئەو نرخەیە کە لیژنەکەیان بەو پڕۆژەیە پێشکەشیکردووە. . لیژنەی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە نوسراوێکدا رایانگەیاندووە، پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ ڕێگریکرن لە پرۆسەی بەرزبوونەوەی نائاسایی نرخی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی لەبەرامبەر هەوڵی وەزارەتی تەندروستی و لقی سلێمانی سەندیکای دەرمانسازان کە بە بیانووی یەکخستن و جێگیرکردنی نرخی دەرمان نرخی دەرمانیان بەرزکردۆتەوە. . لیژنەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو نووسراوەیان لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای دەرمانسازان کردووە، بۆ چارەسەری گرفتی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و لەهەمانکاتیشدا پڕۆژەی چارەسەری جێگیرکردن و یەکخستنی نرخی دەرمان. . لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە زەمینەسازییەکان بۆ جێگیرکردنی نرخی دەرمان لە چەند خاڵێکدا باسیان لەوەکردووە، پێویستە دەرمانخانە تەنها لەکۆگای دەرمان، دەرمان بکڕێت بەپێچەوانەوە دەبێت بەسزای ماددی سزا بدرێت و لیژنە هاوبەشەکانی نێوان قایمقامیەت و تەندروستی و سەندیکا بۆ بەدواداچوون بە بەردەوامی هەبێت. . هەر بەپێی زەمینەسازییەکانی لیژنەکە، دەبێت پێگەی ئەلکترۆنی و ژمارەی تەلەفۆن هەبێت بۆ گەیاندنی ڕاستەوخۆی سکاڵای هاوڵاتیان کەدەبێتە چاودێری دووەم بەسەر پڕۆسەکەوە. . هاوکات لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشنیارێکی کردووە بۆ شێوازی جێگیرکردنی نرخ کە بەپێی پێشنیارەکە، نرخی ئەو دەرمانانەی لەنێوان 50 دینار بۆ 500 دیناربێت 60٪ سودی بخرێتە سەر و نرخی ئەو دەرمانانەی لەنێوان زیاتر لە 500 دینار بۆ 5000 دینار بێت 50٪ سوودی بخرێتە سەر. . هەروەها، نرخی ئەو دەرمانانەی لەنێوان زیاتر لە 5000 دینار بۆ 10.000 دینارە، 30٪ سوودی بخرێتەسەر و نرخی ئەو دەرمانانەی لەنێوان زیاترلە 10.000 دینار بۆ 25.000 دینارە 25٪ سوودی بخرێتەسەر. . هاوکات نرخی ئەودەرمانانەی لەنێوان زیاترلە 25.000 دینار بۆ 100.000دینار بێت 15٪ سوودی بخرێتەسەر و نرخی ئەودەرمانانەی زیاترن لە 100.000 دینار 10٪ سوودی بخرێتەسەر. . لە کۆتایی نووسراوەکەدا لیژنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، ئەو نرخەی ئێستا وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای دەرمانسازان دیاریان کردوە دوقاتی ئەو پڕۆژەیەیەی لیژنەکەی ئەوانە. .