گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

ڕاگەیەنراوێک لە حکومەتی هەرێمەوە لەبارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا

2021.03.06 - 19:59
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەنراوێک لە حکومەتی هەرێمەوە لەبارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا

 ناس کورد-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوا زانیاری لەبارەی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات وخەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت، ھەرێمی کوردستان جارێکی تر، ئامادەیی خۆیشی دووپات دەكاتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەریان بەسەر ڕێڕەوی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە: 

 

ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات وخەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە.

 

لە کاتێکدا پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە دوایین قۆناخەکانییەتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەکانی دووپات دەکاتەوە و بڕوای بە شەفافیەت هەیە وەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا هاتووە.

 

حكومەتی هەرێم بە نووسراوی ژمارە (7-تایبەت) لە 1-2-2021، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات وخەرجییەکانی نەوتی (پشتبەست بە ڕاپۆرتی ووردبینی و پێداچوونەوەی كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنووریەکان و بڕی داھاتەکانیان پشتبەست بە بەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی وئابووری ھەرێم. ئەمە سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاری تایبەت بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، پشتبەست بە پڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری.

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی شەفافیەت دەكاتەوە لەبارەی ئاشكرا كردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆی ، بۆ ڕای گشتی و حکومەتی فیدڕاڵ، تا ئێستاش بە نووسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەکانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی داوەتەوە.

 

هاوكات ھەرێم جارێکی تر، ئامادەیی خۆیشی دووپات دەكاتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەریان بەسەر ڕێڕەوی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت.

 

د.جوتيار عادل

گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان