گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە کەشتیوانێکی خاوەن ئیرادە ناوی دەبات

ڕێباز حەملان ستایشی نێچیرڤان بارزانی دەکات

2019.03.08 - 12:32
ڕێباز حەملان ستایشی نێچیرڤان بارزانی دەکات

 

 

ناس کورد-

 

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بە "کەشتیوانێکی خاوەن ئیرادە" ناوی دەبات.

 

لە نووسینێکدا کە لەسەر لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە، ڕێباز حەملان دەنووسێت: "سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە جورئەتەوە رووبەڕووی 
ھەموو ئاڵنگارییەکان وەستایەوە و توانی حکومەتێک، دوای بڕینی بودجە و ھاتنی درەندەترین گروپی تیرۆریستی کە بە داعش ناسرابوو وە دروست بونی قەیرانی دارایی و ململانێی ناوخۆی و کێشەکانی بەغداو داخستنی فرۆکەخانە و داخستنی دەروازەکان و پەلاماردانی پایتەختی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵدان بۆ لە ناوبردنی کیانی ھەرێمی کوردستان."

وەزیری دارایی باس لەوەش دەکات کە بە دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی "لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکاو ئەوروپاو بە پشتیوانی و لە خۆبوردەیی و سیاسەتی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی ھەرێم، وەک سەرکردەیەکی گەورەی کورد کە بەرگری و پشتیوانیەکی بێ وێنەی ھەرێم و حکومەتی کرد."

 

رێباز حەملان باس لە خۆراگری هاوڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایان و بەڵێندەران و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، هەروەها "ستافی کابینەی ٨ کە مانەوە و شانیان دایە بەر کێشە و ئاڵنگارییەکان و بەرپرسیارێتییەکی مێژویان خستە سەر ناوی خۆیان و بونە پاڵپشتێکی بە ھێز بۆ سەرۆک وەزیران کە توانی ھەرێمی کوردستان و حکومەت و دۆخی سیاسی و دارایی و پەیوەندییەکان لە کۆتایدا بگەیەنێتە کەنارێکی ئارام."

 

ئەو وتانەی ڕێباز حەملان لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت بڕێک لەبارەی لابردنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانەوە بدات.

 

رێباز حەملان، لە سەرەتای کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمدا لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی وەزیری دارایی و ئابووری وەرگرت، دواتر بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو وەزیرە لە کارەکەی دوورخرایەوە، لە ساڵی ڕابردووشدا دوای ئەوەی ڕێباز حەملان دەستبەرداری بزووتنەوەی گۆڕان بوو، گەڕایەوە سەر پۆستەکەی.