گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات: کێشانی نێرگەلەیەک هێندەی 100 جگەرە زیانی هەیە

2019.05.31 - 21:17
وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات: کێشانی نێرگەلەیەک هێندەی 100 جگەرە زیانی هەیە
ناس کورد- بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کێشانی توتن ساڵانە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس لە جیهاندا دەکوژێت، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، کێشانی نێرگەلەیەک هێندەی کێشانی 100 جگەرە زیانی بۆ تەندروستی هەیە. . ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2019 ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە کێشانە، بەو بۆنەیەشەوە، وەزارتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. . لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، کێشانی توتن ساڵانە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس لەسەر ئاستی جیهان دەکوژێت، بەجۆرێک حەوت ملیۆنی لە کەسانی جگەرە کێشە و 1.2 ملیۆن کەس جگەرەکێشی دووەمین، واتە خۆیان جگەرە کێش نین، بەڵام لەگەڵ کەسانێک دەژین و کاردەکەن کە جگەرە کێشن و دووچاری دوکەڵ و ژەهرەکانی توتن دەبنەوە. . وەزارەتی تەندروستی ئەو زانیارییەشی خستووەتەڕوو، کێشانی هەر نێرگەلەیەک کە 40 بۆ 60 خولەک دەخایەنێت، زیانی تەندروستیی بەقەدەر کێشانی 100 جگەرە دەبێت و زیانە تەندروستییەکانی نێرگەلە یەکجار زیاتر و مەترسیدارترە لە کێشانی جگەرە. . روونیشکراوەتەوە "کێشانی توتن هۆکاری سەرەکیە بۆ نەخۆشیەکانی هەناسە ،دڵ ،فشاری خوێن، نەخۆشیە شێرپەنجەییەکان و جەڵتەی مێشک و گیرانی لولەی خوێنی پەلەکان و هۆکاری سەرەکی مردنە بەنەخۆشییە درێژخایەنەکان و مردنی پێش وەختەی هاوڵاتیان لەگەڵ زیانە ئابوریەکان و زیاترکردنی تێچووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان". . هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشاندا لە هەرێمی کوردستان، لەم ساڵدا لە هەرێم زیادکردنی باجی تووتن بە ڕێژەی لە 5٪ جێبەجێکراوە و داهاتەکەی بۆ پڕۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و پێویستیەکانی چارەسەری نەخۆشیە پەیوەندارەکان بەکاردێت. . ئاماژە بەوەشکراوە، ڕووپێوی جگەرەکێشان لە ناوەندەکانی خوێندن لەهەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدراوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێم و عێراق، ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی شیکردنەوەی ئەنجامەکانن دواتر ڕادەگەیەندرێت. . وەزارەتی تەندروستی داواش لە هاوڵاتیان دەکات، کە دوورکەونەوە و واز بێنن لەجگەرە و نێرگەلەکێشان. . ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان لە 31ی ئایاری هەموو ساڵێک لەسەر ئاستی جیهان دیاریکراوە بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و ئاشناکردنیان بە مەترسی و زیانە جۆراوجۆرەکانی کێشانی توتن. .