گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆسرەت ڕەسوڵ: ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی سەندووە

2021.03.05 - 17:08
App store icon Play store icon Play store icon
کۆسرەت ڕەسوڵ: ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی سەندووە

ناس کورد-

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی ڕایگەیاند، "بەداخەوە ئەمڕۆ كوردستان بە دۆخێكی نەخوازراو تێپەڕ دەبێ و ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی سەندووە و كاریگەری خراپی كردووەتە سەر دۆخی كوردستان."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

‎كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، ‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ‎یەكێتی لە پەیامێکدا بە بۆنەی 30 ساڵەی یادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "خزمەتگوزاریییە سەرەتاییەكانمان وەك پێویست نییەو ئەو دروشمانەی لەپێناویدا خەباتمان كرد لەژێر مەترسیدان، ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزو لایەنە سیاسییەكان ململانێ شەخسی و حزبییەكانیان وەلا بنێن و لەپێناو كوردستانێكی ئازادو دیموكراسی، كەتێیدا مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێ و نەكرێنە قوربانی ململانێكان."

 

دەقی پەیامی كۆسرەت ڕەسول عەلی لە ساڵیادی ڕاپەڕین

بەڕۆحی مقاوەمەت و بەرگری، بە گیانی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان وبەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لەپێناویدا گەلەكەمان ڕاپەڕی و دڕندەترین ڕژێمی فاشیستی كوردستان بەدەر كرد، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەكەم.
‎سی ساڵ لەمەوبەر، بە دەستپێشخەری و ڕابەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەشداری هێزە كوردستانییەكان لەچوارچێوەی بەرەی كوردستانی، بە پلانێكی تۆكمەی كوردستانیانەو بەشداری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ڕێكخستنە نهێنییەكان و شانە چەكدارەكان و جەماوەری خرۆشاو و داخ لە دڵی كوردستان دژی بەعس لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەرینەوە تا كەركووكی سەری كوردستان، پلانی ڕاپەڕینمان داڕشت و بە سەركەوتوویی جێبەجێمان كرد.
‎ئەمڕۆ كە سی ساڵ تێپەڕ دەبێ بەسەر ڕاپەڕین و لەسایەی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە خاوەنی كۆمەڵێك دەستكەوتین و پاراستنی ئەم دەستكەوتانە ئەركی لەپێشینەی هەموومانە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ كوردستان بە دۆخێكی نەخوازراو تێپەڕ دەبێ و ململانێ شەخسی و حزبییەكان تەشەنەی سەندووە و كاریگەری خراپی كردۆتە سەر دۆخی كوردستان، خزمەتگوزاریییە سەرەتاییەكانمان وەك پێویست نییەو ئەو دروشمانەی لەپێناویدا خەباتمان كرد لەژێر مەترسیدان، ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزو لایەنە سیاسییەكان ململانێ شەخسی و حزبییەكانیان وەلا بنێن و لەپێناو كوردستانێكی ئازادو دیموكراسی، كەتێیدا مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێ و نەكرێنە قوربانی ململانێكان.
‎ئەمڕۆ كە هەموومان ئەم یادە پیرۆزە دەكەینەوە، پێویستە بەرامبەر خوێنی شەهیدانمان بەرپرسانە مامەڵە بكەین و خەبات بكەین لەپێناو ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان و پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی بە خەبات و قوربانیدانی قارەمانان هاتەدی، ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم داوا لە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان بكەم كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەر بكەن و دەبێ خەمی گەورەمان خەمی خەڵك بێت نەك خەمی تر!
‎كوردستان و ئەزموونەكەمان گەورەتر و گرنگترە لە هەموو كەس و لایەنێك.
‎هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی كوردستان


‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان