گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیارێکی هاتوچۆ گڕ لە بازاڕى ئۆتۆمبێلى بێ ژمارە و  خوار مۆدێل بەردەدات

2021.03.05 - 15:37
App store icon Play store icon Play store icon
بڕیارێکی هاتوچۆ گڕ لە بازاڕى ئۆتۆمبێلى بێ ژمارە و  خوار مۆدێل بەردەدات

ناس کورد-

 

بڕیاری سەرژمێری بۆ ئۆتۆمبێلە بێ ژمارە و خوار مۆدێلەکان جوڵەى خستووەتە بازاڕى کڕین و فرۆشتنیانەوە، هەرچەندە هێشتا پێدانى ژمارە پێیان یەکلا نەبووەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژى پێنج شەممە هاتوچۆى هەرێم بڕیاردا ئەو هەزاران ئۆتۆمبێلە بێ ژمارە و خوار مۆدێلانە سەرژمێرى بکات، کە لەچەند مانگى رابردوودا بە بەشێوەى نایاسایی و بەقاچاخ لەسنورەکانەوە هێنرانە هەرێمى کوردستانەوە.

 

بەپێی بەدواداچوونى "ناس کورد" لەدواى ئەو بڕیارەوە نرخى ئەو ئۆتۆمبێلانە رووى لەبەرزبوونەوە کردووە و خاوەنەکانیان داواى نرخێکى زیاتر دەکەن و دەرکردنى ئەو بڕیارە بەسەرەتاى تۆمارکردنیان بەشێوەى فەرمى دادەنێن، هەرچەندە هاتوچۆ دەڵێت هێشتا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە.

 

لوقمان مەردۆخی کە لەیەکێک لە پیشانگاکانی ئۆتۆمبێلی شاری سلێمانی کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات (5ی ئاداری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، هەرچەندە لە ئێستادا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل زۆر کەمیکردووەو لە پێشانگاکان، بەڵام بڕیاری سەرژمێری بۆ ئۆتۆمبیلە خوار مۆدێلەکان گۆڕانکاری لە نرخی ئۆتۆمبیلەکان کردووە.

 

 باسی لەوەشکرد، ئەو ئۆتۆمبێلانە کە دێنە هەرێمی کوردستان تا ئیستا نازانرێت بە چ ڕێگەیەک دێت و لە مەعرەزەکان ڕەنگە ئەوانەی کاری کڕین و فرۆشتن دەکەن تەنها یەک دوو ئۆتۆمبێلی لەوجۆرەیان هەبێت ئەوانی دیکە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هاوردە دەکرێن و بەنرخێکی کەمتر لەو ئۆتۆمبلانەی هەمان مۆدێلن و تابلۆیان بۆ کراوە دەفرۆشرێنەوە.

 

بەپێی بڕیارەکەى هاتوچۆ، لەرێگەى پێدانى فۆرمێکەوە بە خاوەنى ئۆتۆمبێلەکان، ئامار و سەرژمێرى تەواوى ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و خوار مۆدێلەکان دەکرێت، کە کێشەى بۆ هاتوچۆ دروستکردووە.

 

 لوقمان مەردۆخی وتی "سێ ڕۆژ پێش ئێستا خەڵکم بردووە بۆ سەیرکردنی ئۆتۆمبێلێکی جۆری (مەلیکە)ەو خاوەنەکەی داوای 9 هەزار دۆلاری کردووە بەڵام ڕۆژی پێنج شەممە دوای بڕیارەکەی هاتوچۆ، خاوەنەکەی پەیوەندی پێوەکردوومەتەوەو نرخەکەی زیادکردووەو وتویەتی لە 12 هەزار دۆلار کەمتر نایفرۆشێت".

 

تا ئێستا دیار نییە دواى ئەو بڕیارە، هاتوچۆ چى بڕیارێکى دیکە لەبارەى ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدات. بەڵام پێش ئەو بڕیارە بەرپرسانى هاتوچۆ باسیان لە بژاردەى دەستبەسەرداگرتن یاخود پێدانى ژمارە دەکرد پێیان.

 

لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم لە لێدوانیکدا بۆ "ناس کورد" (4ی ئاداری 2021) ڕایگەیاند، تا ئیستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی پێدانی ژمارە یاخود دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە نەدراوە کە لەخوار مۆدێلەکانى (2019-2020-2021)وەن.  

 

 وتیشى، لە 7ی ئازاری 2021ەوە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان فۆڕمێکیان پێ پڕدەکرێتەوەو وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەش تاوەکو 25ی ئازارە، دواتر فۆڕم بۆ هیچ کەسێک پڕناکرێتەوە.  

 

  لەبارەی ئەوەی ژمارەیان پێ دەدرێت یاخود دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم جەختی لەوەکردەوە، "هیچ بڕیارێک نییە کە ژمارەیان پێ دەدرێت یاخود دەستیان بەسەردا بگیرێت".  

 

بڕیارەکەى هاتوچۆ تەنها دوو جۆر ئۆتۆمبێل ناگرێتەوە، کە بریتین لەوانەى لە عێراق تۆمارکراون لەگەڵ ئەوانەى مۆدیلەکانیان لە خوار 2001 ەوەیە.

 

فازڵ حاجى وتەبێژى هاتوچۆى هەولێر ئەمڕۆ هەینى لەلاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکردووە، لەبڕیارەکە بەهیچ شێوەیەک باسی ڕەقەمکردن نەکراوە، بەڵکو جارێ تەنها سەرژمێری وپشکنینی ئوتومبێلەکانە".  

 

دەشڵێت "هەر سەیارەیەک تۆمارکرابێت لەعیراق و بەڵگەنامەی ئوسولی هەبێت ئەو سەرژمێریە نایگرێتەوە، هەروەها مۆدیلی خوار 2001یش ئەو سەرژمێرییە نایانگرێتەوە".   

 

بڕیارەکەى هاتوچۆ کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن "بۆ  شەرعیەتدانە بە قاچاخچێتی".

 

عەلى حەمەساڵح ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیویەتى نوسیویەتى، زیاتر لە ١٦ ھەزار ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل بەنایاسایی و لە لایەن بەرپرسانەوە داخڵکران، نزیکەی ١٠٣ ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە.  

 

وتیشى "ئێستاش ھەوڵێکی جدی ھەیە بۆ ئەوەی سەرجەم ئەم ئۆتۆمبیلانە ژمارەیان پێبدرێت و شەرعیەتی بدرێتە کاری قاچاخچێتی ئەمە پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ قاچاخچیەکان بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێن ئۆتۆمبیل بە فەرمی داخڵ مەکەن و لە ڕێگای ئەم قاچاخچیەکانەوە بیھێنن لە ئەنجامدا ھەر ژمارەی پێدەدرێت!".  

 

عەلى حەمەساڵح دەڵێت "قاچاخچییەکان بۆ ھەر ئۆتۆمبیلێکی گرانبەھا  ٧ ھەزار تاوەکو ١١ دۆلاریان وەرگرتوەو لە خاڵی سنوری و بازگەکان داخڵیان کردووە!".  

 

دەشڵێت "بەشێک لە بەرپرسان وەزارەتی ناوخۆ پێداگیری دەکەن ئەم ئۆتۆمبیلە خوار مۆدێلانە ژمارە بکرێن و بەبیانوی ئەوەی گرفت دروستدەکات! بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بچوکترین ھەڵوێستی نەبوو بەرامبەر قاچاخچیەکان لە کاتی داخڵبون!! بەشێک لە بەرپرسانی ناوخۆش خۆیان یان کەسوکاریان لەم ئۆتۆمبێلانەیان کڕیوە".  

 

"بە دڵنیایی ئەم بڕیارە بۆ ئەو ئۆتۆمبیلانە دەرنەکراوە لای خەڵکی ھەژارەو مەلیکەی پێدەوترێت چونکە ماوەیەک پێش ئێستا ویستیان دەستبەسەر ھەمویاندا بگرن، بەڵکو لەبەرخاتری ئۆتۆمبیلە گرانبەھاکانی وەک ڕۆز رایس و لێکزس و مارسیدس ...... ھتد، دەرکراوە کە بەشێکی زۆریشی تائێستا نەفرۆشراوەو لە گەراج و باخەکاندا ڕاگیراون و چاوەڕێی بڕیاری ژمارە کردنن و قازانجی گەورەن" عەلى حەمەساڵح واینوسیوە.  

 

جەختیشدەکاتەوە، دڵنیایی داخڵکردنی ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل بە قاچاخ لە لایەن بەرپرسان و دواتر بڕیاری پێدانی تابلۆ لەماوەی ڕابردودا بازرگانیەکی ڕەش بووە.