ناس کورد-
هاتوچۆى هەولێر رایگەیاند، بڕیارەکەى هاتوچۆ بۆ تۆمارکردنى ئۆتۆمبیلى خوار مۆدێل هەموو ئۆتۆمبێلە تۆمارنەکراو و بێ سەرەتاکان دەگرێتەوە، بەڵام ئەوانە ناگرێتەوە کە لە عێراق تۆمارکراون یان لەخوار مۆدێلى 2001 ەوەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فازڵ حاجى وتەبێژى هاتوچۆى هەولێر ئەمڕۆ هەینى لەلاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکردووە، لەبڕیارەکە بەهیچ شێوەیەک باسی ڕەقەمکردن نەکراوە، بەڵکو جارێ تەنها سەرژمێری وپشکنینی ئوتومبێلەکانە".
دەشلێت "هەر سەیارەیەک تۆمارکرابێت لەعیراق و بەڵگەنامەی ئوسولی هەبێت ئەو سەرژمێریە نایگرێتەوە، هەروەها مۆدیلی خوار 2001یش ئەو سەرژمێرییە نایانگرێتەوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھاتووچۆی ھەرێم (4ى ئازارى 2021) ئاگادارى خاوەنى ئۆتۆمبێلەکانى خوار مۆدێلى کردەوە کە سەردانى بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتووچۆ بکەن بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمێکى تایبەت بە کۆکردنەوەى زانیارى و ئامار.
لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم لە لێدوانیکدا بۆ "ناس کورد" (4ی ئاداری 2021) ڕایگەیاند، تا ئیستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی پێدانی ژمارە یاخود دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە نەدراوە کە لەخوار مۆدێلەکانى (2019-2020-2021)وەن.
وتیشى، لە 7ی ئازاری 2021ەوە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان فۆڕمێکیان پێ پڕدەکرێتەوەو وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەش تاوەکو 25ی ئازارە، دواتر فۆڕم بۆ هیچ کەسێک پڕناکرێتەوە.
لەبارەی ئەوەی ژمارەیان پێ دەدرێت یاخود دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم جەختی لەوەکردەوە، "هیچ بڕیارێک نییە کە ژمارەیان پێ دەدرێت یاخود دەستیان بەسەردا بگیرێت".