گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەیسى غالب محەمەد

پەرلەمانتارێکى یەکێتى: ئازادکردنى سێ ئەفسەرەکە جیایە لەدرانەوە بە یەکەکانیان

2021.03.05 - 09:40
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکى یەکێتى: ئازادکردنى سێ ئەفسەرەکە جیایە لەدرانەوە بە یەکەکانیان

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى یەکێتى رایگەیاند، پێیوانییە ئەو سێ ئەفسەرە ئازاد بکرێن کە لەسەر کەیسى پەلاماردانى غالب محەمەد دەستگیرکرابوون و دەڵێت ئەو پرسە جیایە لەوەى بدرێنەوە بە یەکەکانى خۆیان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

باڵانبۆ محەمەد لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگى ئەمریکا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە لەبارەی دەنگۆی ئازاد کردنی سێ تۆمەتباری کەیسی پەلاماردانى غالب محەمەد، وتی" سه‌باره‌ت به‌ئازاد کردن من پێم وانییه‌ ئه‌وانه‌ ئازاد بکرێن له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ئه‌فسه‌رن و له‌سه‌ر میلاکی سه‌ربازیین ده‌توانرێت تاڕۆژی دادگایی کردنه‌که‌ داوا بکرێنه‌وه‌ و ببرێنه‌وه‌ یه‌که‌کانی خۆیان تاڕۆژی دادگایی کردنه‌که‌".

 

وتیشى "له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئازاد کرابن من هه‌واڵم له‌ئازاد کردنیان نییه‌ تائه‌م ده‌قیقه‌یه‌ نه‌شم بیستووه‌ که‌ئازاد کرابن، به‌ڵام وه‌کو ئاماژه‌م پێدا ته‌نها ئه‌و ڕێکاره‌ هه‌یه‌ تاڕۆژی دادگایی کردن بدرێنه‌وه‌ به‌یه‌که‌کانی خۆیان."

 

باڵانبۆ محەمەد کە جێگری لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانى پەرلەمانە دەڵێت "من ده‌ڵێم داواکردن بۆئه‌وه‌ی بنێردرێنه‌وه‌ بۆ یه‌که‌کانی خۆیان شتێکی ديکه‌یه‌ و ئازادکردنیش شتێکی که‌یه‌، من تائێستا نه‌م بیستووه‌ وه‌کو ئازادکردن به‌ڵام ئایا ئه‌مانه‌ ئازادکراون؟ یان وه‌کو ده‌ڵێم دراونه‌ته‌وه‌ به‌یه‌که‌کانی خۆیان تاڕۆژی دادگایی کردن؟" تائێستا من نه‌مبیستووه‌ که‌ ئازاد کرابن به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ داوا کرابێتن ئه‌وه‌یان نازانم."

 

لەدوای هێرشکردنەسەر د. غالب محەمەد، هەواڵی دەستگیرکردنی سێ کەس لەسەر کەیسەکە بڵاوبووەوە و دواتریش هەواڵی ئازادکردنیان بڵاوبووەوە، بەڵام هیچ یەک لە پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی تاوەکو ئێستا نە لەسەر دەستگیرکردن و نە لەسەر ئازادکردنی ئەو سێ کەس هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

 

لاهور شێج جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (چوارشەممە 3ی ئاداری 2021) پەیامێکی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی کرد و ڕەخنەی ئەوەی لێگرت کە دەستوەردان لەو کەیسەدا دەکات.

 

هاوسەرۆکی یەکێتی لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "دەستیان داوەتە کاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ کەسە ئازاد بکرێن و کەیسەکە دیزە بە دەرخونە بکرێت، بۆیە سەرۆکی حکومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەکرد. "

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر ئەو حکومەتەی کە لە کەیسی دەستگیرکردنی (٥) چالاکوانەکەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەکان دەکرد کە دەستوەردان لە کاروباری دادگا نەکەن، کەچی هەمان حکومەت بە ئاشکرا و بە هەڕەشەکردن داوای ئازادکردنی (٣) ئەفسەری دەزگایەکی هەواڵگریی هەرێم دەکات کە لەسەر کەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیر کراون."

 

هەر لەدوای ئەوەش، لە ڕاگەیەنراوێکدا وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (چوارشەممە 3ی ئاداری 2021) ڕایگەیاند، "سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاکان دووپات دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سەربەخۆییانە و دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی هیچ لایەک و دوور لە فشاری تاک و لایەنە سیاسیەکان، بڕیار لە سەر هەموو کەیسەکان بدات و هیچ کەیسێکیش پشتگوێ نەخرێت."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، " لەوانە کەیسی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی، داواش لە هەموو لایەک دەکات، خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان."