گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤیدیۆى ’’دانپێدانانى’’ سزادراوانى بادینان بڵاوکرایەوە

2021.03.04 - 18:09
App store icon Play store icon Play store icon
ڤیدیۆى ’’دانپێدانانى’’ سزادراوانى بادینان بڵاوکرایەوە

ناس کورد-

 

ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان وتەى سزادراوانى بادینانى بەناوى "دانپێدانان" بڵاوکردەوە، کە دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن دادگاوە سزادران، لەکاتێکدا پێشتر کەسوکار و پارێزەرانیان جەختیان کردبووە کە دانپێدانانەکان لەژێر "هەڕەشەدا" بووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمەوە بڵاوکرایەوە و "ناس کورد" بینیویەتى، تێیدا سزادراوەکان دەردەکەون کە قسە دەکەن و باس لە دروستکردنى "گروپ و بوونى پەیوەندیان بە پەکەکەوە" دەکەن.

 

بڵاوکردنەوەى وتەکانى ئەو سزادراوە، دواى هەشت رۆژ دێت لە تانەدان لە بڕیارەکە لەلایەن تیمى پارێزەرانى ئەو سزادراوانەوە.

 

دادگاى تاوانەکانى دووى هەولێر 16 ى شوباتى 2021 بڕیاریدا هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بە شەش ساڵ زیندانى سزا بدرێن، بەتۆمەتى سیخوڕى و مەترسی بۆ سەر ئاسایشى هەرێم.

 

سزادانى ئەو کەسانە کاردانەوەى بەرفراوانى لێکەوتەوە، کەسوکار و پارێزەرانى رایانگەیاند کە لەژێر هەڕەشەدا "دانپێدانیان" پێ تۆمارکراوە و رێگە نەدراوە خۆیان پارێزەر بۆ خۆیان دیارى بکەن.

 

پارێزەرەکانى ئەو سزادراوانە لەنوسراوى تانەدان لە بڕیارەکەى دادگا، بە 17 خاڵ رەخنەیان لە بڕیارەکە گرتووە و داوا لە دادگاى پێداچوونەوە دەکەن سزادانى ئەو پێنج کەسە هەڵبوەشێنێتەوە و بڕیارى ئازادکردنیان بۆ دەربکات.

 

لەو کاتەوە کە بڕیارەکەیان بەسەردا دراوە، سزادراوەکان یەکجار بە تەلەفۆن پەیوەندییان بە کەسوکارییانەوە کردووە، ئەوەش دواى ئەو کاردانەوە و فشارە جیاجیایانەى لەسەر بڕیارەکە سەریهەڵدا.    

  

بەوتەى کەسوکاریان، سزادراوەکان چەند داواکارییەکیان هەبووە کە بریتین لە گەیاندنى دەنگى بێتاوانیان بەجیهان، گۆڕینى شوێنى زیندانیکردنیان، ئاگاداربوون لە کەسوکاریان.  

  

کەیسەکە لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە هاوسۆزى بۆ دروستبووە، بەڵام هێشتا دیار نییە دادگاى پێداچونەوە چى بڕیارێک دەدات، بەڵام ئەنجومەنى دادوەرى هەرێم پێشتر بەرگرى لە بڕیارەکەى دادگا کردبوو، کاردانەوەکانیشى بە "دەستوەردان لە کاروبارى دادگا" ناوبردبوو.  

پێشتر زۆرێک لە کونسوڵخانەى وڵاتان لە هەرێم نیگەرانى خۆیان لەسەر رەوشى ئازادى رادەبڕین نیشاندا، دواى بڕیارەکەى دادگا، ئەوەش بەرپرسانى باڵاى هەرێمى هێنایە سەرخەت.  

  

ئەوەى کاردانەوەکانى بەفراوانتر کردووە، لێدوانێکى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمە کە هەفتەیەک پێش بڕیارەکەى دادگا، ئەو کەسانەى بە "سیخوڕ" ناوبرد، دواتریش لەدادگا بەهەمان تۆمەت سزادران.  

  

مەسرور بارزانى چوار رۆژ دواى دەرکردنى بڕیارەکە لەلایەن دادگاوە لە پەیامێکدا داواى رێزگرتن لە سیستەمى دادوەرى کرد، ئەوەش دواى رۆژێک لە پەیامەکەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم کە جەختیکردەوە ئەوە دوا بڕیار نییە و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە.