گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

هەرێمى کوردستان؛ یەکەم کەس بە ڤاکسینە چینییەکە کوترا

2021.03.04 - 11:46
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێمى کوردستان؛ یەکەم کەس بە ڤاکسینە چینییەکە کوترا

ناس کورد-

لەڕێوڕەسمێکدا لەشارى هەولێر کارمەندێکى تەندروستى وەک یەکەم هاووڵاتى ڤاکسینى دژە کۆرۆناى وەرگرت و هیوایخواست هاووڵاتیان ڤاکسینەکە لەخۆیان بدەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر (4ى ئازارى 2021) لەمەراسیمێکدا لەشارى هەولێر گۆران عوسمان، کارمەندى بەشى چاودێرى چڕ لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى ڕۆژئاواى هەولێر وەک یەکەم هاووڵاتى هەرێمى کوردستان بە ڤاکسینى دژە کۆرۆنا کوترا.

 

پێشتر د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتى هەرێم (چوارشەممە 3ى ئازارى 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەداوە،  وەزارەتی تەندروستی بە فەرمی بڕیاری دابەشکردن و  پێدان و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID19ی دا. 

 

ڕونیشیکردووەتەوە، لەلایەن سەنتەرەکانی وەرگرتنی پێکوتە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە ئەمڕۆوە دەتواندرێت بەکاربهێنرێت، وەکو قۆناغی یەکەم بۆ کوتانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەپێی ڕێنمایی و پلانی نیشتمانی داڕێژراو دەبێت. 

 

ئاسۆ حەوێزى باسى لەوەشکردوە، ڤاکسینی جۆری سینۆفاڕم "Sinopharm" ی چینی کە بەشێوەی بەخشین لەلایەن کۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بەپێی نوسراوی وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە پلانی نیشتمانی و ڕێکارەکانی دەستنیشانکراو. 

 

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئەوەشى ئاشکراکردوە، بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبین لە هەموو هەوڵەکانی دابینکردنی بڕی زیاتری ڤاکسین بە پاڵپشتی و ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عیراقی فیدڕاڵ بۆ چین و توێژەکانی تری مەترسیدار لە کۆمەڵگا لەپێناو دوورخستنەوەی ئەم پەتایە لە هەرێمی کوردستان.