کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا هەستیارن بەرامبەر بەرەوپێشچوونەکانی دەستکەوتە نەتەوایەتییەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان، داواش دەکات کورد واز لە دابەشکاریی ناوخۆیی بێنێت و مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا بکات.
لە دیدارێکیدا لەگەڵ ناس کورد لە پەراوێزی دیداری سلێمانی، موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی بتوانین هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و تواناکانی خۆی پەرەپێبدات، دەبێت سووربین لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکی تەبا و تەندروستمان لەگەڵ ئێران و تورکیادا هەبێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەش کرد، ئەوەی کێشەی گەورەی ئێمەیە گەلی کورد لەناو خۆیدا ئەزموونێکی سیاسیی یەکگرتووی نییە، وتیشی: "تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و دروستکردنی ئەزموونێکی تۆکمە کە ستراتیژیەتی هەبێت بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردنی ناوخۆ، دەتوانێ وەهامان لێ بکات ببینە کارەکتەرێکی سیاسیی لەم ناوچەیدا و ڕۆڵێکی گرنگ ببینین."