گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

هاوپەیمانی هیوا لەبارەی دۆسیەکەی غالب محەمەد: توشی سەرسوڕمان بووین

2021.03.03 - 20:29
App store icon Play store icon Play store icon
هاوپەیمانی هیوا لەبارەی دۆسیەکەی غالب محەمەد: توشی سەرسوڕمان بووین

 ناس کورد-

هاوپەیمانیی هیوا لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە دەستوەردانی ڕوون لە کەیسی هێرشکردنەسەر غالب محەمەد هەیە و توشی سەرسوڕمانی بوون کە ئەو سێ کەسەی لەسەر دۆسییەکە دەستگیرکرابوون ئازادکراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی هاوپەیمانیی هیوا (چوارشەممە 3ی ئاداری 2021) هەڵوێستی هاوپەیمانێتییەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد، "لەدوای ئەوەی ئەو کەسەی کە هێرشیکردەسەر هاوڕێمان، غالب محەمەد لە کامێراکانی چاودێرییەوە بەتەواوی ناسراوەتەوە و دوای ئەوەش سێ کەس لەسەر دۆسییەکە دەستگیرکراون، ئێستا توشی سەرسوڕمان بووین کە ئەو سێ کەسە ئازاد کراون."

 

ئەوەشی خستەڕوو، " بەگوێرەی زانیارییەکانمان دەستوەردانی ڕوون هەیە لەو کەیسەدا لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە بە دیاریکراویش یەکێتی و پارتی."

 

وتیشی، "ئێمە هۆشداری دەدەین کە ئەم کەیسە کەیسی ئازادی ڕادەربڕینە و لەوە گەورەترە کە بە دەستوەردانی لایەنێک بەلاڕێدا بدرێت."

 

جەختیشیکردەوە، "ئێمە ئەم کەیسەمان داوەتە حکومەت و پەرلەمانی عێراق و لایەنە بیانییەکان و داوادەکەین کە لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕوونکردنەوە لەبارەی ئەو کەیسە بدەن کە ئەو کەیسە بە چ ئاقارێک گەیشتووە. "

 

ئەوە لەکاتێکدایە،  لاهور شێج جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (چوارشەممە 3ی ئاداری 2021) پەیامێکی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی کرد و ڕەخنەی ئەوەی لێگرت کە دەستوەردان لەو کەیسەدا دەکات. 

 

هاوسەرۆکی یەکێتی لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "دەستیان داوەتە کاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ کەسە ئازاد بکرێن و کەیسەکە دیزە بە دەرخونە بکرێت، بۆیە سەرۆکی حکومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەکرد. "

  

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر ئەو حکومەتەی کە لە کەیسی دەستگیرکردنی (٥) چالاکوانەکەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەکان دەکرد کە دەستوەردان لە کاروباری دادگا نەکەن، کەچی هەمان حکومەت بە ئاشکرا و بە هەڕەشەکردن داوای ئازادکردنی (٣) ئەفسەری دەزگایەکی هەواڵگریی هەرێم دەکات کە لەسەر کەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیر کراون."

 

هەر لەدوای ئەوەش، لە ڕاگەیەنراوێکدا وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (چوارشەممە 3ی ئاداری 2021) ڕایگەیاند، "سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاکانی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سەربەخۆییانە و دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی هیچ لایەک و دوور لە فشاری تاک و لایەنە سیاسیەکان، بڕیار لە سەر هەموو کەیسەکان بدات و هیچ کەیسێکیش پشتگوێ نەخرێت."  

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، " لەوانە کەیسی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی، داواش لە هەموو لایەک دەکات، خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان."