گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كۆبوونەوە بۆ پرسیترە

وەزارەتی تەندروستی: پێشنیاری داخستنی قوتابخانەكانمان نەكردووە

2021.03.01 - 13:00
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی تەندروستی: پێشنیاری داخستنی قوتابخانەكانمان نەكردووە

بریکاری وەزارەتی تەندروستی ڕەتیدەکاتەوە پێشنیاری داخستنی قوتابخانەکانیان کردبێت و دەڵێت "کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕووبونەوەی کۆرۆنا بۆ جەختکردنەوەیە لە داخستنی دەروازەکان و ڕێگری لە هاتنی گەشتیاران".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" پێش دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی لیژنەی بالای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا (1ی ئاداری 2021) وتی، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا هیچ پێشنیارێکمان لەبارەی داخستنی قوتابخانەو خوێندنگەکان نەکردووە بەڵکو جەخت لەسەر ڕێگری لەهاتوچۆی گەشتیاران دەکەینەوەو کە ئەمەش بەهۆی کاری بازرگانییەوە بەردەوامەو وەکو پێویست ڕێگری لێ نەکراوە".

 

ئەوەشی وت، "وەکو وەزارەتی تەندروستی پێمان وایە ئەگەر هاتوچۆی گەشتیاران بەمجۆرە بەردەوامبێت دۆخەکە مەترسی لەسەر دەبێت و لە داهاتوودا قۆناغ بەقۆناغ ڕەنگە کەرەنتینەی گشتی لە هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێتەوە".

 

جەختی لەوەشکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کە بڕیارە کاتژمێر 2:30 خولەک ئەنجامبدرێت پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی جەختکردنەوەیە لە داخستنی دەروازەکان بە ڕووی گەشتیاران و هیچ شتێک لەبارەی داخستنی قوتابخانەو ڕاگەیاندنی کەرەنتین لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پێشنیاری نەکراوە لەم قۆناغەدا.

   

پێشتر بەکر محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی (دووشەممە 1ی ئاداری 2021) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە کۆی 152 هەزار خوێندکاری سەربە پەروەردەکەی ئێمە 14 حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنامان هەیە، هەروەها لەناو مامۆستایانیشدا نزیکەی پێنج مامۆستا توشی ڤایرۆسەکە بوون."  

  

وتیشی، "ئەو ژمارەیەی توشبوو لەنێو خوێندکاران و مامۆستایاندا ژمارەیەک نییە شایەنی باس بێت و وەک هەر شوێنێکی دیکەی کۆمەڵگە کە کراوەیە ئەگەری توشبوون لەنێو قوتابخانەکانیشدا هەیە، بەڵام بەشێوەیەک نییە کە لەدەست دەرچووبێت، بۆیە ئێمە ئومێد دەکەین دەرگای قوتابخانەکان دانەخرێن".  

  

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و وەزارەتی تەندروستیش بڕیاربدەن خوێندنگەکان دابخرێت، پێموایە بەشێویەکی کاتی دەبێت و ماوەیەکی کەم دەخایەنێت، کە ڕەنگە بۆ دوو هەفتەیەک بێت".  

  

سەبارەت بە پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی، بەرێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا باسی لەوەکرد، "ئەوە دوو لایەنەیە، لە هەندێک خوێندنگەدا خوێندکاران ئەوەندە زۆرن، ناتوانین کەمی بکەینەوە بۆ ئەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی تەندروستی دیاریکردووە".  

  

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بە هۆشیاری تەندروستییەوە هەیە، کە بەداخەوە هۆشیارییەکی تەندروستیی ئەوتۆ لەنێو هاووڵاتیان و خوێندکاراندا نییە".