ناس کورد-
پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، هیوادارن بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبوونەوەی کۆرۆنای هەرێم، قەدەغەی هاتوچۆی تێدا نەبێت و گرفت بۆ کەسابەتی هاووڵاتیان دروست نەکرێت و دەرگای قوتابخانەکانیش دانەخرێن، بەڵکو ڕێکارەکانی خۆپاراستن توندبکرێنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بڕیارە ئەمڕۆ (دووشەممە 1ی ئاداری 2021) لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و بڕیار لەبارەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە و چارەنوسی پرۆسەی خوێندنەوە بدات.
لەوبارەیەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هیودارین ئەو ڕێکارانەی دەگیرێنەبەر، گرفت بۆ کەسابەت و بژێوەی ژیانی هاووڵاتیان دروست نەکەن و جارێکیتر بڕیاری کەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچۆ نەدرێت."
وتیشی، "هەروەها هیوادارین دەرگای قوتابخانەکانیش دانەخرێن و پرۆسەی خویندن ڕانەگیرێت، بەڵکو ئەگەر لە پۆلێکدا توشبوویەک هەبوو، ئەو پۆلە دابخرێت، یاخود خوێندنگەیەک دانەخرێت، نەک پرۆسەی خوێندن بە گشتی ڕابگیرێت."