ناس کورد-
بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند، دۆخی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن لەدەست دەرنەچووە و بەهیچ شێوەیەک شایەنی ئەوە نییە خوێندن ڕابگیرێت، دەشڵێت، ئەگەر خوێندن ڕابگیرێت ڕەنگە بۆماوەی دوو هەفتە بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەکر محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی (دووشەممە 1ی ئاداری 2021) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە کۆی 152 هەزار خوێندکاری سەربە پەروەردەکەی ئێمە 14 حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنامان هەیە، هەروەها لەناو مامۆستایانیشدا نزیکەی پێنج مامۆستا توشی ڤایرۆسەکە بوون."
وتیشی، "ئەو ژمارەیەی توشبوو لەنێو خوێندکاران و مامۆستایاندا ژمارەیەک نییە شایەنی باس بێت و وەک هەر شوێنێکی دیکەی کۆمەڵگە کە کراوەیە ئەگەری توشبوون لەنێو قوتابخانەکانیشدا هەیە، بەڵام بەشێوەیەک نییە کە لەدەست دەرچووبێت، بۆیە ئێمە ئومێد دەکەین دەرگای قوتابخانەکان دانەخرێن."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و وەزارەتی تەندروستیش بڕیاربدەن خوێندنگەکان دابخرێت، پێموایە بەشێویەکی کاتی دەبێت و ماوەیەکی کەم دەخایەنێت، کە ڕەنگە بۆ دوو هەفتەیەک بێت."
سەبارەت بە پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی، بەرێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا باسی لەوەکرد، "ئەوە دوو لایەنەیە، لە هەندێک خوێندنگەدا خوێندکاران ئەوەندە زۆرن، ناتوانین کەمی بکەینەوە بۆ ئەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی تەندروستی دیاریکردووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بە هۆشیاری تەندروستییەوە هەیە، کە بەداخەوە هۆشیارییەکی تەندروستیی ئەوتۆ لەنێو هاووڵاتیان و خوێندکاراندا نییە."
بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتى تەندروستى و لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم کۆبنەوە، بۆ تاوتوێکردنى دۆخى بڵاوبوونەوەى پەتاکە دواى هەڵکشانى دوبارەى ئامارەکان.
رەهێڵ فەرەیدون بریکارى وەزارەتى تەندروستى ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە "ناس کورد"ى راگەیاند، کۆبوونەوەکانى لیژنەکە کراون بە هەفتانە لەکاتێکدا پێشتر دوو هەفتە جارێک یان مانگانە دەکرا، ئەوەش بەهۆى بڵاوبوونەوەى زیاترى پەتاکەوە کە زۆربەیان توشبووى کۆرۆناى گۆڕاون.
بڕیارە پێش کۆبوونەوەکەى لیژنەى باڵا وەزارەتى تەندروستى کۆبێتەوە بۆ ئامادەکردنى ئەو بژاردانەى کە دەیخاتە بەردەم لیژنەکە، لەناویاندا پێشنیارەکانى تایبەت بە پڕۆسەى خوێندن.
رەهێڵ فەرەیدون وتى "پێموانییە بڕیارى داخستن بۆ ئەم هەفتەیە بدرێت چونکە هێشتا ئامارەکان جێگەى مەترسی نین، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنى دۆخەکە ئەگەر هەیە بۆ هەفتەکانى داهاتوو بڕیارى هەڵپەساردن بۆ ماوەیەکى کاتى بدرێت".
وتیشى، داوا لە وەزارەتى پەروەردە دەکەن بە کردەیی لیژنە رەوانەى قوتابخانەکان بکات، چونکە بەشێکیان پابەند نین بە ڕێنماییەکانەوە.