گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’زۆرینە و دواخستن’ دوا بژاردەکان بۆ چارەسەرى پشکى هەرێم لەبودجە

2021.02.28 - 22:31
App store icon Play store icon Play store icon
’زۆرینە و دواخستن’ دوا بژاردەکان بۆ چارەسەرى پشکى هەرێم لەبودجە

ناس کورد-

لەکاتێکدا هێشتا رێککەوتن نەکراوە بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم لە بودجە، پەرلەمانى عێراق تەنها دوو بژاردە لەبەردەمیدا ماوەتەوە بۆ تێپەڕاندنى پڕۆژەکە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى تەلەفزیۆنى فەرمى عێراق.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

تەلەفزیۆنەکە ئەمڕۆ یەکشەممە لە راپۆرتێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە باسى لەوەکردووە، دوو بژاردەکە یەکێکیان دەنگدانە بە زۆرینە لەسەر پڕۆژەى بودجە کە ئەوەش دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى ناکۆکى سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغدا.

 

بژاردەى دووەم بەپێی راپۆرتەکە، دواخستنى ماددەکانى پەیوەست بە هەرێم بۆ بودجەى تەواوکاریی، ئەوەش لەلایەن زۆربەى پەرلەمانتارانەوە رەتکراوەیە لەنێویاندا پەرلەمانتارانى کورد.

 

عەقیل رەدینى پەرلەمانتارى هاوپەیمانى نەسر دەڵێت، رەنگە بە زۆرینە دەنگ بدرێت لەسەر پڕۆژەکە، هاوشێوەى پڕۆژەى کورتهێنانى دارایی کە هەرێمى لێبێبەشکرا، ئەوەش بەهۆى ئەوەى هەرێم نەوت رادەستى بەغدا نەکرد.

 

وتیشى دواخستنى ئەو پرسە چارەسەرێکى گونجاو نییە.

 

بەپێی راپۆرتەکە، دواکەوتنى وەڵامى هەرێم بۆ پێشنیازى هێزە سیاسییەکان بۆ رادەستکردنى کۆى داهاتى نەوت بەشێوەیەک بەغدا سەرجەم شایستە دارایی کۆمپانیاکان بگرێتە ئەستۆ، بەلاى بەشێک لەلایەنەکانەوە بە هۆکارى سەرەکى تێنەپەڕاندنى بودجە دادەنرێت. لەکاتێکدا هەرێم پابەندى خۆى نیشانداوە بە رێککەوتنەکەى لەگەڵ بەغدا بۆ رادەستکردنى بەهاى 250 هەزار بەرمیل نەوت.

 

جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق جەختدەکاتەوە بژاردەکەى حکومەت باشترینە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە، لەبەر کێشەى پەیوەست بە گرێبەستەکانى هەرێمەوە.

 

تا ئێستا دیار نییە ئەم هەفتەیە پڕۆژەى بودجە لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە یاخود نا، بەڵام پەرلەمان دەنگدانى لەسەر ئەو پرسە نەخستووەتە بەرنامەى کارى دانیشتنى دووشەممەوە، هەرێمیش پێشبینى دەکات پێش دەنگدان بگەنە رێککەوتن.

 

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵى فەرمى عێراقییە کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکرد، دانوستانەکان بەردەوامن لەسەر کۆمەڵێک پێشنیاز و بژاردە و گەیشتن بە چارەسەرى مامناوەند کە هەردوولا رازى بن پێی لە چوارچێوەى دەستوردا.

 

وتیشى ئەوان نەرمى زۆریان نواندووە بۆ گەیشتن بە چارەسەرى تەوافوقى دەستورى کە پابەندى و مافەکانى هەردوولا دیاریی کات.

 

جوتیار عادل پێشبینیکرد لەم هەفتەیەدا هەردوولا بگەن بە رێککەوتنێک کە هەردوو حکومەتەکە پێی رازى بن.

 

وتەبێژى حکومەتى هەرێم باسى لەوەشکرد، سەرجەم زانیارییەکانیان لەسەر گرێبەستەکانى نەوت رادەستى بەغدا کردووە، رەزامەند بوون لەسەر وردبینى لەو پرسەدا بەهاوبەشى لەنێوان دیوانى چاودێرى هەردوولا.

 

جەختیشیکردەوە، هەنگاوى جدى و گرنگ نراوە لەلایەن هەرێمەوە لەو بارەیەوە.

 

وتەبێژى حکومەتى هەرێم دەڵێت، ئەوان رازى نین بەهیچ شتێکى نادەستورى، بۆیە هەردوو حکومەت لەگەڵ ئەو دەقە حکومییەن کە لەبودجەدا جێگیرکراوە و دەقێکى دەستورییە و بە رێککەوتنى هەردوولا لە پڕۆژەکەدا جێگیرکراوە.