ناس کورد-وریا حسێن
هەرێمی کوردستان ساڵی 2018 بە بەهای زیاتر لە 7 ملیار و 914 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش %46ی کۆی داهاتی بۆ ماوەتەوە.
.
کۆمپانیای دیلۆیت ئەمڕۆ (پێنجشەممە 30 مایسی 2019) کۆتا ڕاپۆرتی وردبینیکراوی نەوتی بۆ ساڵی 2018 بڵاوکردەوە کە بە ( چارەکی چوارەم _ ئێچ 4) ناسراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئەو کۆمپانیا بیانیە سێ ڕاپۆرتی دیکەی بڵاوکردووەتەوە.
.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەناو هەر چوار ڕاپۆتەکەدا هاتووە، کۆی گشتی ئاستی هەناردە و بەکاربردن بۆ ساڵی 2018 لە 138 ملیۆن و 641 ملیۆن بەرمیل نەوت تێدەپەڕێت کە لەڕێگەی تەنکەر و بۆرییەوە هەناردە کراوە بۆ دەرەوە و بەشێکی لەناوخۆدا بۆ پاڵاوتگەکان و فرۆشی ناوخۆ دابین کراوە.
.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە چارەکی کۆتایی 2018ی هەرێمی کوردستان زۆرترین هەناردە و بەرکاربردنی هەبووە، کە دەگاتە سەرو 40 ملیۆن و 960 هەزار بەرمیل ئەوەش بەراورد بە چارەکی سێهەم 8% ئاستی بەرهەمی زیادیکردووە کە دەکاتە (5 ملیۆن و 208 هەزار و 901) بەرمیل نەوت بۆ کۆی مانگەکە.
.
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2018 زیاتر لە 7 ملیار و 914 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بووە، لەو بڕەش زیاتر لە 4 ملیار و 343 ملیۆن و 731 هەزار دۆلاری بۆ ماوەتەوە باقیەکەی کە 54% کۆی داهات دەکات ڕۆشتووە بۆ خەرجییەکانی نەوت و چەند پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەوپێیەش بێت هەرێم 46% داهاتی بۆ ماوەتەوە.
.
هەرێمی کوردستان لەچارەکی سێهەمی 2018دا زۆترین داهاتی هەبووە لەئاستی هەر چوار چارەکەکەدا، ئەوەش لەکاتێکدایە چارەکی چوارەمی 2018 زۆرترین نەوت هەناردەکراوە.
.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت، هەرێمی کوردستان لەچارەکی یەکەمدا بەرێژەی ناوەندییەتی بەرمیلێک نەوتی بە 54 دۆلار و 817 سەنت فرۆشتووە، لەچارەکی دووەمدا ڕێژەکە بۆ 62 دۆلار و 854 سەنت بەرزکردووەتەوە، چارەکی سێهەمیش بووتە 63 دۆلار و 98 سەنت، بەڵام لەچارەکی چوارەمدا دابەزیووە بۆ 54 دۆلار و 197سەنت.
.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی وەزیران، کۆمپانیای دیلۆیت سەرباری وردبینیکردنی داهاتەکانی نەوت بۆ ساڵی 2018، بەردەوامی بەکارکردن دەدات لەو بوارە، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت دیلۆیت سەرقاڵی وردبینکردنی داهاتی نەوتە بۆ ساڵی 2019.
.
پێشتر پەرلەمانتارانی کوردستان گومانیان خستە سەر ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت، بەڵام بەشێک لەڕێکخراوەکان تایبەت بەو بوارە و ئەنجومەنی وەزیران "ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت ئاستی شەفافیەتیان لەبارەی داهاتی نەوت بەرزکردووەتەوە، هەرچەندە ناتواترێت بوترێت راپۆرتەکان تاریکی نەوت لەکوردستان ڕونبکەنەوە".
.