کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ناس کورد لەزاری سەرچاوەیەکی ناو کۆمەڵەوە هۆکاری کێشەی شەوی ڕابردووی نێوان هەردوو باڵەکەی کۆمەڵە ئاشکرا دەکات. . بەگوێرەی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ناوەڕاستی ئەم مانگە 40 کەس لەهێزەکانی پێشمەرگەی سەربە کۆمەڵەی شۆڕشگێران لەباڵی (عەبدوڵا موهتەدی) پەیوەندییان بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی سەربە باڵی (عومەر ئیلخانی زادە) کردووە، ئەمەش لەماوەی ئەم 15 ڕۆژەدا شەڕێکی دەرونی قورسی لەنێوان هەردوو کۆمەڵەکەدا دروستکردووە لە (ئاست ڕێکخستن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان) بەو هۆیەوە چەندین تۆمەت ئاڕاستەی یەکتری کراوە. . ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی روونکردەوە، شەوی ڕابردوو کۆمەڵەکەی سەربە عومەری ئیلخانی زادە وەکو نمایشێکی سەربازی چوونەتە شاخەکانی دەورووبەری زڕگوێز و قەرەداغ ئەمەش کاردانەوەی لای باڵی عەبدوڵا موهتەدی دروستکردووە و تەقەیان بەسەر هێزەکەی عومەر ئیلخانی زادە کردووە بەڵام هەر ئەوکات کێشەکە چارەسەرکراوە. . سەرچاوەکەی ناس کورد، ئەوەشی وت "شەوی ڕابردوو هێزێکی سەربە عەبدوڵای موهتەدی هەڵیانکوتاوەتە سەر کەمپی "زڕگوێزەڵە" کە لەخواری کەمپە سەرەکیەکەوەیە کە "ئیبراهیمی عەلی زادە"ی لێیە، پاش شەڕ و پێکدادان بەبێ زیان و بەهۆی نێوەندگیری هێزەکانی ئاسایش و چەند کەسایەتیەک لەهەردوولا شەڕەکە ڕاگیراوە". . سەرچاوەکە روونیکردەوە، لەکەمپەکەی ئیبراهیمی عەلی زادە لە زڕگوێز "دانیشتنێکی سێ قۆڵی لەنێوان هەرسێ باڵەکەی کۆمەڵە ئەنجامدراوە" کێشەکە کپکراوەتەوە و لەئێستادا ڕەوشەکە ئارامە. .