گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

یەکەمین کاردانەوە لەبارەی بەڕێوەبەری ئەو پەیمانگایەی دەڵێت: هەموو ساڵێک قۆپیم کردووە

2021.02.27 - 21:19
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەمین کاردانەوە لەبارەی بەڕێوەبەری ئەو پەیمانگایەی دەڵێت: هەموو ساڵێک قۆپیم کردووە

ناس کورد-

لە یەکەمین کاردانەوەی فەرمیدا لەبارەی ئەو بەڕێوەبەری پەیمانگایەی کە دەڵێت، هەموو ساڵێک بە قۆپییە کردن دەرچووە، ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان داوادەکات ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر کەسەکە و ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەش بگرنەبەر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەفتەى پێشوو ئاشنا فەلاح، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئاشنا لە سلێمانی و موعیدی زانكۆیی لەبەشی كارگێڕی، لە میانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت، "هەموو ساڵێک لە قۆناغی دووەمی ناوەندییەوە قۆپیەم کردووە لە هەموو تاقیکردنەوەیەک، هەموو جۆرە قۆپییەک و داهێنانیشم کردووە لە قۆپیەکردن، لەسەر دەبە ئاو قۆپیەم کردووە، هەروەها لەسەر قەڵەمی وێنەكێشان قۆپیەم کردووە، یەکجار لەسەر قەڵەم کە قۆپیەم کردبوو سێ پرسیار هاتبووەوە." 

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەی داواکاری گشتیی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی کراوە، ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان (شەممە 27ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، "لەم ڕۆژانەدا و لەکەناڵێکی ڕێگەپێدراوی تەلەفزیۆنییەوە، لەبەرنامەیەکی تەرفیهی و کات بەسەر بردندا، کەسێک کە خۆی وەک مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری پەیمانگایەکی ئەهلی دەناسێنێت، بەشێوەیەکی ڕوون و بەشانازییەوە باس لەوە دەکات کە لەپۆلی دووی ناوەندییەوە بە قۆپی و گزیکردن دەرچووە، هاوکات وردەکاری و شێوازەکانی قۆپیکردنیشی دەخاتەڕوو."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە چەقی قەیرانە پەروەردەییەکاندا و لەم دۆخە ناهەموارەی کەرتی پەروەردە و خوێندندا، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بابەتانە و ڕەواجپێدانی، تاوانێکی ئاشکرایە و کاریگەریی خراپ لەسەر بیر و بۆچوون و دەروونی قوتابیان و خوێندکاران جێدەهێڵێت، هەروەها حەزی زانست و ویستی هەوڵ و کۆششکردن بۆ فێربوون بەلاڕێدا دەبات، ئەمە بەدەر لەوەی بە ئاشکرا قوتابیان بۆ پەنا بردنە بەر ڕێگای هەڵە و گزیکردن هان دەدات."

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئێمە لە ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان بەپێویستی دەزانین، لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵە زەقانەدا داواکاری گشتی لەهەرێم بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات و ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، هاوکات داواکارین لە هەرکام لەوەزارەتەکانی (پەروەردە و خوێندنی باڵا و وەزارەتی ڕۆشنبیری) بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر کەسەکە و ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەش بگرنەبەر."

 

دانپێدانانەكانی ئاشنا فەلاح، مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بووەتە جێگەی ڕەخنەی ئەوانەی پێیانوایە کەسێک خۆی پەروەردەکاربێت و خاوەنی پەیمانگایەک بێت نابێت بە قۆپیەکردن قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کردبێت، هەرەوەها ڕەخنە لەوە دەگرن فێركار لە میدیاكاندا شانازی بە قۆپیەكردنەوە بكات و خوێندكارانی بۆ هان بدات.  

 

لەوبارەیەوە ئاشنا فەتاح بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند (27ی شوباتی 2021)  "ئەوەی من وتوومە لەبارەی قۆپیەکردن ڕاستییەکە کە زۆر کەس لە ڕابردوو پەنای بۆ بردووە، کەم کەسیش هەیە ڕاستگۆبێت لە وتنی، ئەوەشی لە ئیستادا ڕەخنە لەمن دەگرن با سەیرێکی کارەکانم بکەن و ڕاستی کارەکانم لە ئێستادا بزانن کە چەند خۆم ماندوو دەکەم". 

 

زیاتر بخوێنەرەوە: بەڕێوەبەری پەیمانگایەک لە سلێمانی: هەموو ساڵێک قۆپیەم کردووە

 

 

جەختی لەوەشکردەوە، "من سورم لەسەر ئەوەی وتوومەو ئەوەشی وتم ڕاستییەکی تاڵە چونکە ئەگەر ئێستابێت و ببمەوە قوتابی، پەنا بۆ ئەوە نابەم بەڵکو بەوردی بەدوای ئەو شتانەدا دەچم کە ئەرکی خۆمەو لە ئێستاشدا بەوجۆرە کار دەکەم و هەندێک کات بۆ بابەتێکی تایبەت بەکارەکانم چەندین بەدواداچوونم کردووەو سەردانی وڵاتانی دەرەوەشم کردووەو بۆ ۆرک شۆپێک یاخود خوێندنی کۆرسێک." 

 

لەبارەی ئەو ڕەخنانەشی ئاراستەی كراون ئاشنا فەلاح، وتیشی  "من بەهۆی ئەوەی ژنم ڕەخنەم لێدەگرن، چونکە کەمن ئەو ژنانەی بەوجۆرە ڕاستگۆییانە وەڵام بدەنەوەئەو ئەو ئازایەتییەیان هەبێت ببنە خاوەنی پەیمانگایەک و خاوەنی چەندین پرۆژەی گرنگی دیکە کە من کردووم".