ناس کورد-
ژنێکی تەمەن 17 ساڵ لە ئورمیە دوای دوو مانگ لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و تائێستا هۆکارەکەی نەزانراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو (هەینی 26ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، کچێکی تەمەن 17 ساڵی خەڵکی ئورمیە بە ناوی "هیدیە نیک سیرەت" خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا هۆکاری خۆکوشتنی ئەو ئافرەتە 17 ساڵەیە نەزانراوە، بەڵام خێزانەکەی سکاڵایان لە سەر بنەماڵەی هاوسەرەکەی تۆمار کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیدیە نیک سیرەت خەڵکی گوندی "جوجهی" ناوچەی سۆما بووە و دانیشتووی گەڕەکی ئیسلام ئاوای ئورمیە بووە و دوو مانگ پێش ئێستا ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە.
ئەو رێکخراوە مرۆییە دەڵێت، نەبوونی پشتوانیی یاسایی و قەدەغە بوونی ڕاشکاوانەی هاوسەرگیریی مناڵان لە یاساکانی ئێراندا بووەتە هۆی قورستر بوونی هاوسەرگیریی زۆرەملێ بۆ مناڵانی ئێران.