گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئینسایکڵۆپیدیای هۆزە کوردەکان

فەرهەنگی زانیاری سەبارەت بە هۆزە کوردەکان

2021.02.26 - 13:39

د.جەبار قادر

بیروڕا- دکتۆر جەبار قادر

لە ڕێگای ئەم وتارە کورتەوە، دەمەوێ سەرنجی خوێنەران بۆ بەرهەمێکی زانستی ناوازەی کوردناسانی پیتەربورگ/ سان- پیتەربورگ ڕابکێشم، کە دەکرێ بڵێم ئینسایکڵۆپیدیایەکە سەبارەت بە هۆز و عەشیرەتە کوردەکان. ئەم پرۆژەیە لە بنەمادا بیرۆکەی پرۆفیسۆری کوردپەروەری قەناتێ کوردۆ (کەنات کەڵاشەڤیچ کوردۆیەف) بووە. وەک سەرۆکی کابینەی کوردناسی لە لقی لێنینگرادی ئینستیتوتي ڕۆژهەڵاتناسی سەر بە ئەکادیمیای زانستی یەکێتی سۆڤییەت، لە ساڵی ١٩٦٩ گروپێکی بە سەرۆکایەتی خۆی و ئەندامەتی هەر یەک لە توێژەران  ێ. ئی. ڤاسیلێڤا و ژ. س. موسائیلیان(دواتر هەردووگیان بوون بە پرۆفیسۆر و کوردناسی دیار)، بۆ ئەوەی کار لە سەر دانانی فەرهەنگێکی زانیاری بکەن سەبارەت بە هۆزە کوردەکان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

                    ‌                         

قەناتێ کوردۆ وەک مرۆڤێکی زانا و کوردپەروەر، لە تەک بەرهەمە زانستییەکانی خۆیدا لە بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا، خاوەن بیرۆکەی ستراتیژی بوو بۆ کوردناسی لە رووسیا. لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی خۆیدا خاتوو ڤاسیلێڤا هەردوو بەرگی "شەرەفنامە- ١٩٦٧" و "خاتمة- ١٩٧٦"ی کرد بە رووسی. کارەکەی ئەم خانمە تەنها وەرگێڕان نەبوو، بەڵکو جۆرێک لە پەیجۆری(تحقیق) بوو، چونکە ئەو دوو پێشەکییەی بۆ هەردوو بەرگەکەی نووسین، زانیاری زۆریان تێدایە و گرنگن بۆ خوێندنەوە و تێگەیەشتن لە دەقە مێژووییەکەی "شەرەفنامە" و "خاتمة". مخابن تا ئێستا لە بەشەکانی مێژووی زانکۆکانی کوردستان ئەم کاری پەیجورییە لە بارەی شەرەفنامە نەکراوە. لێرەدا باس لە وەرگێڕان ناکەم، وەرگێڕان و پەیجۆری دوو شتی جیاوازن. لە وەرگێڕانەکانیشدا زۆر جار دەقە مێژووییەکە کراوە بە قوربانی دەقی ئەدەبی و خۆتاقیکردنەوە لە بواری زماندا، بەمەش دەقەکان گرنگی مێژوویی خۆیان تا ئاستێک لە دەستداوە. دەقی مێژوویی دەبێ وەک خۆی بەبێ هیچ دەستکاری و یاریکردنێک بە دەربڕین و ڕستەکان و بۆ خۆ تاقیکردنەوە لە بواری زماندا بکرێ بەو زمانەی بۆی وەردەگێڕدرێ.

 

هەر بە ئامۆژگاری و سەرپەرشتی قەناتێ کوردۆش بوو، کە ژاکەلینا موسائیلیان یەکەمین "بیبلیۆگرافیای کوردناسی" بە شێوەیەکی زانستییانە لە ساڵی ١٩٦٣ لە مۆسکۆ بە چاپ گەیاند، دواتریش فراونتری کرد و لە ساڵی ١٩٩٦ لە دوو بەرگدا بڵاوی کردەوە، کە هەردوو بەرگەکە زیاتر لە هەشت هەزار نانیشانیان گرتووەتە خۆ. هەروەها کارە زانستییەکانی مارگاریتا رودینکۆ، پرۆفیسۆر زارێ یوسوپۆڤا، پرۆفیسۆر ئەردوخانێ جەلیڵ، پرۆفیسۆر جەلیلێ جەلیل و گەلێکی تریش بەرهەمی ئەو ستراتیژە زانستییەی قەناتێ کوردۆ و کابینەی کوردی بوون و میراتێکی دەوڵەمەندیان بۆ دونیای کوردناسی بەجێهێشت.

 

لەم چەند دێڕەدا ئاماژە بە یەکێ لەو بەرهەمە زانستییانە دەکەم، کە ساڵانێکی زۆرە تەواو کراوە و تا ئێستا لە چاپخانەیەکی ڕووسی کەوتووە و لە بەر بێ پارەیی ناتوانرێ بڵاوبکرێتەوە، ئەویش فەرهەنگی زانیاری یا ڕەنگبێ ڕاستتر، ئینسایکڵۆپیدیای هۆزە کوردەکانە.

 

ئاشکرایە مێژووی کورد وکوردستان لە بەشێکی گرنگیدا بریتییە لە مێژووی عەشیرەت وهۆز و خێل و بنەماڵە ناودارەکانی ولاتی ئێمە. سەرباری ئەوەی دابەشبوونی کورد بە سەر سەدان خێڵ و هۆزی ناکۆک و دژ بەیەکدا هۆیەکی سەرەکییە لە تراژیدیای ئەم گەلە، بەڵام لە بەر کۆمەڵی هۆی مێژوویی، جوگرافی و کۆمەڵایەتی هەر هۆز و خێلەکانی کوردستانیش بوونەتە هەڵگری زمان و پارێزەری کەلەپوڕی کوردی و بگرە مانەوەی کورد. بۆیە کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستی لەم بارەیەوە خزمەت بە مێژوو و ئێستای کورد و کوردستان دەکات.

 

کورد قەناتێ کوردۆ هەستی بە گرنگیی ئەم بابەتە کردووە و وەک سەرۆکی بەشی کوردی گروپێکی لە توێژەرانی بەشەکەی پێکهێنا. لەو کاتەوە بە سەرپەرشتی خۆی دوو توێژەری بە توانای ئەو بەشە، هەر یەک لە خاتوو ێ. ڤاسیلێڤا و ژ. موسائیلیان دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر هۆزە کوردەکان کرد. کوردۆ تا کۆچی دوایی لە ساڵی ١٩٨٥، لە سەر ئەم کارەی بەردەوام بووە و لە دوای کۆچیشی ئەم دوو خانمە لە کارەکەیان بەردەوام بوونە تا لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کارەکەیان تەواویان کردووە. ئەم بەرهەمە زانستییە گرنگە کە نزیکەی هەزار لاپەڕەیە، ساڵانێکی زۆرە تەواو کراوە،  بەڵام تا ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە.

 

لەم کتێبەدا، کە دەکرێ وەک ئینسایکڵۆپیدیایەک دابنرێ سەبارەت بە هۆزەکانی کوردستان، زانیاری ورد لە بارەی هۆزەکان، ڕەچەڵەکیان، لق و پۆپەکانیان، شوێنی نیشتەجێبوونیان، ژمارەی خەڵکەکەیان، باری ژیانیان، مێژووی رابردوویان تۆمار کراون. ئەم زانیارییانە لە کۆمەڵێ سەرچاوەی ڕەسەن و گرنگەوە بە زمانی جیاواز وەرگیراون، کە زمانەکانی: ڕووسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فرەنسی، کوردی، ئەرمەنی، فارسی و عەرەبین.

 

ئەم فەرهەنگی زانیارییە بەرهەمی زیاتر لە بیست ساڵ تێکۆشینی زانستی و توێژینەوەیە،   ئامادەکارانی بوونە بە کەسانی زانا و کوردناسی بەناوبانگ لە بوارەکانی خۆیاندا. بەداخەوە وا زیاتر لە بیست ساڵیشە کارەکە تەواوکراوە، بەڵام تا ئێستا لە چاپ نەدراوە و نەکەوتووەتە بەردەستی توێژەران و زانایان و خوێنەران. دەکرا زۆر زووتر چاپ بکریت و بکری بە کوردی بۆ ئەوەی زۆرترین خوێنەواری کورد ئاگاداری ڕووداوەکانی مێژووی خۆیان بن.

 

من هەندێ جار لێرە و لەوێ هەندێ زانیاریم وەبەر گوێ دەکەوت لە بارەی ئەم کارەوە، بەڵام هیچ نووسراوێکیم لە بەردەست نەبوو، بۆیە نەمدەتوانی شتێکی لە بارەوە بنووسم. لەم ڕۆژانەدا دۆستێکی بەڕێز ئەو پێشەکییەی بۆم نارد، کە هەردوو پرۆفیسۆر ڤاسیلێڤا و موسائیلیان لە ژێر ناونیشانی (هۆزە کوردییەکان – فەرهەنگی زانیاری) لە ٣٠ لاپەڕەدا نووسیویانە. لە دوای خوێندنەوەی ئەم پێشەکییە لە گرنگی و پێستی ئەم بەرهەمە زانستییە تێگەیشتم و ئێستا وێنەیەکم لە کارەکە لە لا دروسبووە.

 

لەم پێشەکییەدا بە وردی باس لە بیرۆکەی پرۆژەکە و خاوەنەکەی قەناتێ کوردۆ کراوە، کە چەندین پرۆژەی گرنگی تری سەبارەت بە کورد و کوردستان خستبووە بەردەم کارمەندان و توێژەرانی بەشی کوردی ئەو پەیمانگایە. لە دوای کۆچی دواییشی توێژەرانی بەشەکە، کە بەداخەوە ئێستا نەماوە، زیاتر لە دە ساڵ ساڵ بەو پرۆژانەوە هەر خەریک بوون و لە ئەنجامدا کۆمەڵی دەستکەوتی زانستی گەورە و گرنگیان بە دونیای کوردناسی پێشکەش کرد. باس لە ڕێبازی لێکۆڵینەوەکەش کراوە، سەرچاوەکان و شیوازی داڕژتنی زانیارییەکان و زۆر پرسی تریش خراونەتە ڕوو. 

 

لە کۆتاییدا دەبێ جارێکی تر ئەوە بەبیر بهێنمەوە، کە چەندین ساڵە ئەم بەرهەمە زانستییە گرنگە لە چاپخانەیەکی ڕووسی کەوتووە و لە بەر هۆی دارایی ناتوانن چاپی بکەن. هەڵبەتە ئەگەر کێشەکە هەر پارەی چاپەکە بوایە، ئەوا ڕەنگبێ بە هاوکاری زانستپەروەرانی کورد چارەسەر بکرابایە. بەڵام لە ڕووسیاش ئێستا قانوونی بازار کار دەکا، مافی نووسەران و ئامادەکارانی پرۆژەکە و قازانجی خاوەن چاپخانەکە ئەرکی بەچاپ گەیاندنی زۆر قورس کردووە. چەند ساڵێکە لەم پرۆژەیە دەکرێ هەندێ لایەن و ناوەند گفتی ئەوەیان داوە هاوکار بن، بەڵام هەوڵەکان تا ئیستا بێ ئەنجامن و هیچیان لێ سەوز نەبووە.