گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

یەکەم لێدوانى کۆنگرێس لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکەى ئەمەریکا 

2021.02.26 - 08:52
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم لێدوانى کۆنگرێس لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکەى ئەمەریکا 

ناس کورد-

سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی گۆنگرێسی ئەمەریکا، ستایشی ئەو هێرشە  ئاسمانیەی کرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی کردیە سەر گروپەکانی سەر بە ئێران لە سوریا، وتیشی "ئەو هێرشە پەیامی هەڕەشە و وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئێران".  

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مایکڵ ماکۆڵ، سەرۆکی لیژنەکە کە هاوکات نوێنەری کۆمارییەکانە لە گۆنگرێسی ئەمەریکا (26ی شوباتی 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست" ناس کورد" کەوتووە  ڕایگەیاند "داوام لە ئیدارەکەی سەرۆک بایدن کردووە وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییانە بداتەوە کەکراوەتە سەر بەرژەوندییەکانی  ئەمەریکا و هاوپەیمانان، هەروەها ستایشی دەکەم کە بە تەواوی ئەو کارەی کردووە".  

 

ماکۆڵ ئەوەشی وتووە "وەڵامەکانی لەم شێوەیە، پەیامی هەڕەشە و وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئێران و بەکرێگیراوەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا کە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا قبوڵ ناکرێت، سوپاسی سەرۆک و کارمەندانی خزمەتگوزاریمان دەکەم بۆ پاراستنی ئەمەریکییەکان لە دەرەوە".

 

وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پەنتاگۆن) راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشێکى ئاسمانى ئەو وڵاتە بۆ سەر چەند پێگەیەکى چەکدارانى نزیک لە ئێران لەسنورى سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هێرشە ئاسمانییەکە وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو هێرشە موشەکییەى کە کرایە سەر بنکەى هاوپەیمانان لە شارى هەولێر".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى پەنتاگۆن (26ى شوباتى 2021)  لەهێرشە ئاسمانییەکەى سوپاى ئەمەریکادا چەندین پێگەى چەکدارانى کەتائیبى حیزبوڵا و کەتائیبى سەیدولشوهەدا لە رۆژهەڵاتى وڵاتى سوریا کردۆتە ئامانج و ئەو گروپانەشى بە گروپى چەکدارى نزیک لە ئێران ناوبردووە.

 

هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشە ئاسمانییەکە بە فەرمانى راستەوخۆى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکا ئەنجامدراوە.

 

هەروەها بەگوێرەى هەواڵێکى نیویۆرک تایمز لە هێرشەکەدا حەوت بۆمبى 226 کیلۆگرامى بەکارهێنراوون.

 

شەوى (15ى شوباتى 2021)  14 موشەک ئاڕاستەى هەولێر کرا و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین. 

 

 تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانى هەرێم بەفەرمى هیچ گروپێکیان بەئەنجامدانى هێرشەکە تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام شەوى رابردوو گروپی "سرایا أولیاء الدم" كە تاقمێكی چەكدارە و خۆی بەخاوەنی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەزانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكییەكە ڕاگەیاند.   

 

 ئەمە دووەم هێرشى موشەکییە بۆ سەر هەولێر لەماوەى کەمتر لە شەش مانگدا.   

 

 هێرشەکەى پێشوو لە 30 ئەیلولى 2020دا بوو کە سێ موشەک لە نزیک بارەگای دیموکرات لە گردەچاڵی هەولێر و سێ موشەکیش لە نزیک هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنەخوارەوە و هەرێم حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى تۆمەتبارکرد.