ناس کورد-
ناوەندى ڕاگەیاندنى ئەلکترۆنى بڵاویکردەوە، عێراقیەکان بەشێوەیەکى فراوان ڕویانکردوەتە بەکارهێنانى ئەپلیکەیشنى "کڵەپ هاوس"، ئەوەش دواى ئەوەى ئەپلیکەیشنەکە لە دوو مانگى ڕابردودا بەشێوەیەکى فراوان بەکارهێنەرانى زیادى کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کڵەپ هاوس لە مانگى 4ى ساڵى 2020 دا دروستکرا، ئەوەش لە لوتکەى قەدەغەکردنى هاتوچۆ بەهۆى بڵاوبونەوى پەتاى کۆرۆناوە، ئامانجى ئەپلیکەیشنەکە بۆ بەردەوامى پەیوەندییەکان بوو لە ڕێگەى دەنگ و پاراستنى دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى.
بیرۆکەکە نوێ نییە و پێشتر چەندین ئەپلیکەیشن هەبوون تێیاندا بەکارهێنەران توانیویانە بە دەنگ قسە بکەن، لەئێستادا تەنها لەسەر سیستمى IOS کار دەکات و بەهاى ئەپلیکەیشنەکە لەکاتى کەوتنەکارى 100 ملیۆن دۆلار بوو، لەسەرەتاى 2021دا گەیشتە یەک ملیار دۆلار.
بەردەوام کەسە دیارەکانى جیهان دەبنە بەکارهێنەرى ئەپلیکەیشنەکە و بەردەوامە لە بڵاوبونەوە و زیادبونى بەکارهێنەرانى، ئازادى ڕادەربڕین یەکێکە لە سیماکانى "کڵەپ هاوس"، بەهۆى ئەوەشەوە هەزاران هاوڵاتى چینى پەنایان بۆ بردوە بۆ دەربڕینى بۆچونە سیاسیەکانیان و بەدوایدا حکومەتى ئەو وڵاتە قەدەغەى کرد و فیلتەرى لەسەر دانا.
وەک هەموو ئەپلیکەیشنەکانى تر "کڵەپ هاوس"یش بێبەش نەبوو لە ڕەخنەکان و دەیان و سەدان ڕەخنە ئاڕاستەى ڕێوشوێنەکانى چاودێرى تۆڕەکە کران، ئەوەش بەهۆى بوونى چەندین بابەتى ڕەگەزپەرستى و ڕقلێبونەوە و هاندانى توندوتیژى، هەروەها کۆکردنەوەى زانیارى بەکارهێنەران و بوونى کەلێنى ئەمنى و دزینى دەنگى بەکارهێنەران لە کێشەکانى ترى تۆڕەکە بوون.
سەرەڕاى هەموو ئەمانەش بەکارهێنەرانى تۆڕەکە بەردەوامن لە زیادبون و لە ئێستا 10 ملیۆن بەکارهێنەرى تێپەڕاندووە.
هەرچى سەبارەت بە بەکارهێنەرانى ئەپلیکەیشنەکەیە لە عێراق، ناوەندى ڕاگەیاندنى ئەلکترۆنى لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردوەتەوە، سەدان عێراقى دەستیان کردوە بە بەکارهێنانى و ئەوەش دواى ئەوەى لەماوەى دوو مانگى ڕابردودا بەشێوەیەکى فراوان و کتوپڕ بەکارهێنەرانى زیادیان کرد، بەتایبەتى دواى ئەو گفتوگۆیەکى نێوان "ئیلۆن ماسک" خاوەنى کۆمپانیاى تێسلا و یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسایەتیەکانى جیهان و "ڤلادیمێر تینیف" بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى "Robinhood" لە تۆڕەکە.