گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

عەلى باپیر نهێنى گۆڕینى ناوى کۆمەڵ و لابردنى پاشگرى ئیسلامى ئاشکرا دەکات 

2021.02.24 - 22:19
App store icon Play store icon Play store icon
عەلى باپیر نهێنى گۆڕینى ناوى کۆمەڵ و لابردنى پاشگرى ئیسلامى ئاشکرا دەکات 

ناس کورد-

سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان دەڵێت، بە لابردنى پاشگرى ئیسلامى نێوانێکمان لەنێوان خۆمان و کۆمەڵگەکەمان لابردوە و ئەوەمان نەهێشتوە کە خۆمان جیا بکەینەوە لە موسوڵمانان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلى باپیر (چوارشەممە، 24ى شوباتى 2021) لەمیانەى چاوپێکەوتنیکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچونى بۆ کردوە سەبارەت بە گۆڕینى ناوى "کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان" بۆ "کۆمەڵى دادگەریى کوردستان" و لابردنى پاشگرى ئیسلامى وتى، ئێمە بە گۆڕینى ناوى حزبەکە ئەو نێوانەمان لابردن کە لەنێوان خۆمان و کۆمەڵگەکان هەبوو و نێوەڕۆکەکەمان هەروەک خۆمانە.

 

ڕونیشیکردوەتەوە، ئەوەمان نەهێشت کە خۆمان لە موسوڵمانان جیا بکەینەوە، پردێکە بۆ نزیکبونەوە لە هەموو خەڵک، حیکمەتێکى ترى بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ دەرەوەى خۆمان، لە سەردەمى خەلیفەکانى ڕاشدینیشدا ناو گۆڕین هەبووە و "جێنشینى پێغەمبەر" گۆڕدراوە بۆ "أمیر المؤمنین" و دواتريش لەسەردەمى عوسمانیەکاندا بووە بە "سوڵتان".

 

سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان جەختیلەوەشکردوەتەوە، ئەمەش واتاى ئەوە نییە لە داهاتودا کەسێک دەبینین کە موسڵمان و ئیماندار نەبێت و لە ڕیزەکانى سەرکردایەتیدا بێت، بەڵام مەمنونى هەرکەسێکى تر دەبین کە پشتیوان و هاوکارمان بێت، یەکێک لە حیکمەتەکانى تر بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ دەرەوەى خۆمان، هەندێک کەس و لایەن لە ناو و ئاڵاکەمان دەسڵەمنەوە و وەک گروپەکانى تر لە وڵاتانى تر سەیرمان دەکەن.

 

عەلى باپیر لەبەشێکى ترى گفتوگۆکەیدا ئەوەشى ئاشکراکرد، تەنانەت پێش ئەوەى خۆشمان بیر لە گۆڕینى ناوى ئەمیر و کۆمەڵ بکەینەوە، لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق نابێت ناوى کەسى یەکەمى حزب "ئەمیر" بێت بەپێى یاساى کۆمسیۆنەکە، هەروەها ئاڵاکەمان کە شایەتومانى تێدا نوسراوە، داوایان کردوە کە تێیدا نەبێت بۆ ئەوەى وەک موزایەدەى ئیسلامى سەیر نەکرێت.

 

هەرچى سەبارەت بە ناوە نوێکەیە هێماى بۆ ئەوەکرد، وشەى کۆمەڵمان هێشتەوە چونکە ماوەى 20 ساڵە وەک ناونیشان بۆ ئەو کاروانە ئیسلامییە بەکارهێنراوە، وشەى ئیسلامیمان لابرد و دادگەریمان دانا چونکە ئیسلام بۆ چەسپاندنى دادگەریى هاتوە، هەروەها گۆڕانکاریەکەش بە زۆرینەى دەنگ کراوە و تەنها پێشنیارى من بووە، چەندین جار لە کۆنگرەکانى تریش پێشنیارم کردوە بەڵام دەنگى زۆرینەى نەهێناوە و نەکراوە.