گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مادەی 11 ڕەتدەكەنەوە

ناس دوا هەڵوێستی فراكسیۆنە شیعەكان لەبارەی نەوتی هەرێم ئاشكرا دەكات

2021.02.24 - 19:25
App store icon Play store icon Play store icon
ناس دوا هەڵوێستی فراكسیۆنە شیعەكان لەبارەی نەوتی هەرێم ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

پشکى هەرێم و دۆسیەى نەوتەکەى لەپڕۆژەى بودجەى عێراق هێشتا بە هەڵواسراوى ماوەتەوە لەکاتێکدا پڕۆژەى بودجە لەبەردەرگاى پەرلەمانە بۆ پەسەندکردنى، ناس دوایین سیناریۆکان لەو بارەیەوە ئاشکرادەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

بەگوێرەی زانیارییەكانی "ناس كورد" فراكسیۆنە شیعەكان لەپشت ئەوانیشەوە هێزە سیاسییەكانیان قایل نین بەدەقی مادەی 11 پرۆژە یاسای بودجە كە باس لەرادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم یان بەهاكەی دەكات بەنرخی سۆمۆ بە حكومەتی فیدراڵ، بەڵام هێشتا دەقێكی جێگرەوەیان پێشكەش نەكردووە بۆ ئەو مادەیەی كە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە و بووەتەهۆی درێژەكێشانی دانوستانەكان.

 

سەرچاوەكانی ناس لەبەغدا ئەوەیان ئاشكراكرد لەبری 250 هەزار بەرمیل فراكسیۆنە شیعەكان چاویان لەسەر 430_450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمە، بەڵام دواتر تێچوونی بەرهەمهێنان و پارەی پترۆدۆلار و هەقدەستی كۆمپانیاكان بگێڕنەوە بۆ هەرێم.

 

 ئەم بژاردەیە ئەگەرچی هەر دەوروبەری 250 هەزار بەرمیل نەوت و رەنگە كەمتریش بكات بۆ حكومەتی فیدراڵ، بەڵام دۆسیەی هەناردە و فرۆشی نەوت دەخاتەوە دەست سۆمۆ لەگەڵ پاراستنی مافی دەرهێنان و بەرهەمهێنان بۆ هەرێم. 

 

بەدواداچوونەكانی ناس ئەوەش دەردەخەن ئەگەرچی جیاواز لەبارەی 250 هەزار و 430 هەزار هونەری و وەك كێشەی ژمارە دێنە بەرچاو، بەڵام ڕەهەندی یاسایی قوڵیان هەیە و لایەنە فیدراڵییەكان پێیانوایە پەسەندكردنی ئەوەی هەرێم خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت و بەهاكەی بداتە بەغدا، یان بەشێك لەنەوتەكەی بدات و بەشەكەیتری خۆی بیفرۆشێت بۆ هەقدەستی كۆمپانیا، دەبێتە پێشینەیەكی یاسایی بۆ داننان بەمافی هەرێم بۆ مامەڵەی سەربەخۆ بەنەوتەكەیەوە.

 

حكومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە 250 هەزار بەرمیل نەوت یان بەهاكەی بەنرخی سۆمۆ رادەستی خەزێنەی فیدراڵی بكات لەكاتێكدا تێچوونی بەرهەمهێنان و هەقدەستی كۆمپانیاكان لەهەرێم بۆ هەر بەرمیلێك لانیكەم 11 دۆلار كەمتر لەهی عێراق.

 

لەم هاوكێشەیەدا ئەگەرچی هەرێم لەڕووی داراییەوە زیان دەكات بەڵام بەپەسەندكردنی دانپێدانانێك بەدەست دەهێنێت بۆ فرۆشتنی نەوت لەرێگەی توركیاوە كە ئێستا عێراق لەپای ئەوە لە دادگا نێودەوڵەتییەكان داوای 26 ملیار دۆلار قەرەبوو لەئەنقەرە دەكات. 

 

ناس ئەوەشی زانیوە لایەنە شیعەكان ترسی بایكۆتی سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكانیان هەیە لەچەشنی یاسای قەرز، ئەگەرنا دەقێكی جێگرەوە لەبری دەقەكەی حكومەتی كازمی پێشكەش دەكەن و بودجە بەزۆرینە تێدەپەرێنن.

 

لایەنە شیعەكان لە ئێستادا لە گفتوگۆ و دانوستان و هەوڵی كۆكردنەوەی پاڵپشتیدان بۆ دەقی نوێ كە جگە لە (430 هەزار بەرمیل _ تێچووی بەرهەمهێنان و هەقدەستی كۆمپانیا) رەنگە بەكارهێنانی بەشێك لە نەوتی هەرێمیش لەخۆ بگرێت بۆ پاڵاوتنی ناوخۆیی بەمەبەستی كەمكردنەوەی زیانەكانی جیاوازی نرخ چونكە لە عێراقدا ڕۆژانە دەوروبەری ملیۆنێك بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی و سووتەمەنی دەڕوات. 

 

سەرچاوەكانی ناس ئەوەش ئاشكرا دەكات بژاردەی یەكەمی زۆرینەی شیعە رێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی هەرێم، ئەگەر نەبوو هەوڵی قایلكردنی پەرلەمانتارانی دەرەوەی پارتی و ئەو یەكێتیانەیە نەرمترن لە دۆسیەی نەوت، ئەگەر ئەوەش نەبو دووبارەبوونەوەی سیناریۆی یاسای قەرز لە ئاسۆدایە، ئەگەر هات و كۆی بودجە چانسی تێپەڕاندنی هەبوو چونكە جگە لە پشكی كورد كێشەو گرێ و گۆڵیتری زۆری تێدایە و بودجەیەكە لە ساڵی هەڵبژاردن و لەسەردەمی سك گوشینی داراییدا.